بن سەلمان نزیکە لە کڕینی یانەی نیوکاسڵ

رووداو - هەولێر 

دوای چەندین مانگ لە دانوستان، سندووقی وەبەرهێنانی گشتیی سعودیە، یەکەم هەنگاوی کردەنی هاوێشت بۆ تەواوکردنی پرۆسەی کڕینی پشکەکانی یانەی نیوکاسڵ یونایتدی ئینگلیزی.

مایک ئاشلی خاوەنی یانەکە، لە ماوەی خاوەنداریەتی خۆی، کە 13 ساڵە، چەندین دەستەوارەی بۆ فرۆشتنی یانەکە رەتکردەوە، کە دوایینیان دەستەوارەی ئاماندا ستاڤێلی و کۆمپانیای بی سی بی بارتنەرز بوو، کە لە ساڵی 2017 بۆ کڕینی نیوکاسڵ پێشکەشی مایل ئاشلییان کرد، بەڵام رازی نەبوو یانەکە بفرۆشێت.

رۆژنامەی وۆل ستریت جۆڕنال رایگەیاند، سندووقی وەبەرهێنانی گشتیی سعودیە دەستی بە دوایین رێکارەکانی کڕینی یانەی نیوکاسڵی ئینگلیزی کردووە.

ئەو رۆژنامەیە، هەروەها دەڵێت "پرۆسەی کڕینەکە لە قۆناخی کۆتاییدایە و سندووقی وەبەرهێنانی گشتیی سعودیە، کە محەممەد بن سەلمانی جێنشینی سعودیە سەرکردایەتی دەکات، پێویستە بڕی 340 مليۆن پاوەند بدەنە مایک ئاشلیی خاوەنی یانەکە.

سندووقی وەبەرهێنانی گشتیی سعودیە، بەپێی ئەم رێککەوتنە دەبێتە خاوەنی 80٪ پشکەکانی نیوکاسڵ، ئەوەی دەشمێنێتەوە بە یەکسانی لەنێوان ئاماندا ستاڤێلی خانمە بزنسمان و هەردوو بزنسمان دەیڤد و سایمۆن ریوبین، کە هەر یەکێکیان 10٪ی بەردەکەوێت.