دوای یاریی ئاتلێتیکۆ مەدرید لە ژووری جلگۆڕینی ریال مەدریددا کارەسات روویداوە

ڤینیسیۆس و ئەنچێلۆتی
رووداو دیجیتاڵ

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایان کردووە کە بەم دواییە پەیوەندی نێوان ڤینیسیۆس جونیۆری یاریزانی بەرازیلی و هاوڕێکانی لە ریال مەدرید گەیشتووەتە قۆناخێکی خراپ، بەهۆی هەڵسوکەوتە خراپەکانی ئەو یاریزانە.
 
ڤینیسیۆس جونیۆر بووەتە تووڕەترین یاریزانی ریال مەدرید و بەهۆی ئەوەی زۆرجار لەگەڵ یاریزانانی بەرامبەر، راهێنەران، ناوبژیوانان و هاندەرانیش شەڕ دەکات، یاریزانانی هاوڕێی و کارلۆ ئەنچێلۆتی راهێنەر بوونەتە قوربانی.
 
ڤینیسیۆس جونیۆر لەم وەرزەدا 14 کارتی زەردی وەرگرتووە، لەنێویاندا یەک کارتی سوور لە لالیگا بەرامبەر ڤالێنسیا، کە زۆرینەی کارتە زەردەکانی ئەو یاریزانە بەرازیلییە بەهۆی ناڕەزایی دەربڕینەکانی بووە بەرامبەر ناوبژیوانان، لەکاتێکدا ئاستی لەم دواییانەدا دابەزیوە، کە لە سەرەتای ساڵی 2025ـەوە تەنیا سێ گۆڵی تۆمارکردووە.
 
رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی بڵاویکردووەتەوە، هاندەرانی یانەی ریال مەدرید بێزارن لە ئاستخراپی ڤینیسیۆس لە یارییەکانی ئەم دواییەدا و داوای فرۆشتنی ڤینیسیۆسیان کردووە.
 
بەڵام گەورەترین قەیران لە یارییەکەی چوارشەممەی رابردوودا بوو بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید، لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ، کاتێک لەگەڵ کارلۆ ئەنچێلۆتی راهێنەری تیپەکە تووشی دەمەقاڵێ بووە و بە بێڕێزی قسەی لەگەڵ جود بێلینگهامی یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی ئینگلیزی تیپەکە کردووە.
 
یاریزانە بەرازیلییەکە لە کارلۆ ئەنچێلۆتی راهێنەری یانەی ریال مەدرید و فرانچیسکۆ ماوری یاریدەدەرەکەی تووڕە بوو بەهۆی ئەوەی پێیانگوتووە بۆچی بۆ بەرگریکردن ناگەڕێیەوە.
 
پێش ئەوەش ڤینیسیۆس لەگەڵ لوکا مۆدریچی یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی کرواتی و کاپتنی یانەی ریال مەدرید تووشی کێشە بوو، دوای ئەوەی یاریزانی قاڵ داوای لێکرد  بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەرکە بەرگرییەکانی ئەنجام بدات.
 
تەنانەت کار گەیشتووەتە ئەوەی یاریزانانی ریال مەدرید دوای یارییەکەی ئاتلێتیکۆ مەدرید بەیەکدی بڵێن پێویستە یاریزانە بەرازیلییەکە واز لە کردارە نابەرپرسیارەکانی بهێنێت.
 
ڤینیسیۆس جونیۆر پێیوایە گرنگترین یاریزانە لەنێو سیستمی ریال مەدریددا، هەر بۆیە داوای زیادکردنی مووچەکەی دەکات، چونکە پێیوایە نابێت بەهای کیلیان ئێمباپێی فەرەنسی لەو زیاتر بێت. هەروەها پێیوایە خۆی زۆرترین رۆڵی بینیوە لە بردنەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگی وەرزی رابردوو.
 
سەرەڕای هەوڵە زۆرەکانی بۆ گوشارخستنە سەر ریال مەدرید بۆ زیادکردنی مووچەکەی لە ترسی رۆیشتنی، بەڵام مێژووی فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەی ریال مەدرید لەگەڵ ئەفسانەکانی وەک کریستیانۆ رۆناڵدۆ و سێرخیۆ رامۆس دووپاتی دەکاتەوە کە گوشارەکان لەگەڵ کارگێڕیی یانەکە و سەرۆکەکەی بێهودە دەبن.
 
بەگوێرەی زانیارییەکان خولی پیشەگەری سعودیە هەوڵی گواستنەوەی ڤینیسیۆس دەدات بە مووچەی یەک ملیار یۆرۆ لە ماوەی پێنج ساڵدا، بەڵام دوا وادەی وەڵامدانەوەی ڤینیسیۆس هاوینی داهاتووە.
 
ڤینی لە هاوینی 2018 لە یانەی فلامینگۆی بەرازیلییەوە پەیوەندی بە یانەی ریال مەدریدەوە کردووە، ڤینیسیۆس دوو نازناوی چامپیۆنزلیگی لەگەڵ یانەکەی بەدەستهێناوە، لە 303 یارییدا 103 گۆڵی تۆمارکردووە و 71 ئەسیستیشی هەیە.