رووداو دیجیتاڵ
براهیم دیاز، ئەستێرەی لاوی یانەی ریال مەدرید نهێنییەکانی پشت پەردە بۆ هەڵبژاردنی مەغریب وەکو هەڵبژاردەکەی ئاشکرا دەکات و دەڵێت "هەرگیز گوشارم نەکردووە بۆ ئەوەی یاری بۆ ئیسپانیا بکەم."
هەفتەی رابردوو براهیم دیاز بەشێوەیەکی فەرمی، لە شوێنی هەڵبژاردەی ئیسپانیا، بڕیارییدا یاری بۆ هەڵبژاردەی مەغریب بکات، ئەمەش کاردانەوەیەکی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا.
دیاز لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی مارکای ئیسپانی دەڵێت "هەرگیز گوشارم نەکردووە، بۆ ئەوەی بۆ هەڵبژاردەی ئیسپانیا یاری بکەم، من لە نێو یاریگەدا قسەی خۆم دەکەم و تواناکانم پێشاندەدەم."
یاریزانەکەی ریال مەدرید دەڵێت "هەستدەکەم 100٪ ئیسپانی و مەغریبیم، من لە ئیسپانیا پێگەیشتووم، بەڵام بنەچەم مەغریبییە."
براهیم لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی "ئەگەر پێویست بکات گۆڵ لە ئیسپانیا بکەم، بەدڵنیاییەوە دڵخۆشدەبم، بەڵام باشترە گۆڵ لە هەموو رکابەرەکانمان بکەم."
یاریزانەکەی ریال مەدرید لەبارەی ئەوەی ئایا ئاهەنگ دەگێڕێت، ئەگەر گۆڵ لە ئیسپانیا بکات؟ گوتی "جارێ نازانم، بەڵام متمانەیەکی تەواوم بەبڕیارەکەم هەیە بۆ یارییکردن بۆ هەڵبژاردەی مەغریب."
دیاز زیاتر قسەیکرد و گوتی "من لەسەر بنەمای هەستەکانم بڕیاری خۆم دەدەم، بەوپێیەی گەنجێکم خەونم هەیە، ئەو پڕۆژەیەی مەغریبیش پێشکێشیکردووم زۆرباش دەردەکەوێت، ئێستا پێویست بەبیرکردنەوە ناکات، بیرم لەوە نەکردەوە کە ئایا دی لا فوێنتێ، راهێنەری ئیسپانیا پەیوەندیم پێوە دەکات یان نا، بۆ ئەوەی بڕیاری خۆم بدەم."
یاریزانە نوێیەکەی هەڵبژاردەی مەغریب دەڵێت "هەمووان لە منداڵییەوە خەون بە یارییکردن لە مۆندیالدا دەبینن، هەست و سۆزم لەگەڵ ئەو دەستکەوتەیە کە مەغریب لە قەتەر بەدەستیهێنا، بەڕاستی هەڵبژاردەیەکی نایاب بوو."
لەبارەی ئەوەی خۆی فێری زمانی عەرەبی دەکات، لە دوای هەڵبژاردنی هەڵبژاردەی مەغریب، دیاز گوتی " ناچار دەبم فێری زمانی عەرەبی ببم، هەندێک وشە دەزانم، بەڵام لە تەمەنێکی بچووکەوە چوومەتە ئینگلتەرا، دەنا فێری دەبووم و 100٪ پابەندم بەوە.'
هەڵبژاردەی مەغریب رۆژانی 23 و 27ـی ئەم مانگە هەڵبژاردەی مەغریب دوو یاریی دۆستانە، بەرامبەر هەردوو هەڵبژاردەی ئەنگۆلا و موریتانیا ئەنجامدەدات و براهیم دیاز بۆ دوو یارییە بانگهێشتکراوە و ئیدی یاریزانەکە بەدرێسی مەغریبەوە دەردەکەوێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ