دوو راپۆرتی نهێنی نێگرێرا بۆ بارسێلۆنا ئاشکرابوون


رووداو دیجیتاڵ

بەشێکی دیکەی نهێنی و رووداوەکانی پەیوەست بە 'دۆسێی نێگرێرا' جێگری پێشووی سەرۆکی لیژنەی ناوبژیوانانی لالیگا لە میدیای ئیسپانیادا بڵاوکرانەوە کە پێدەچێ کاریگەرییان لەسەر ئاستی لێکۆڵینەوەکان هەبێت.
 
نووسینگەی داواکاری گشتی بارسێلۆنا، دۆسێی لێکۆڵینەوەی لە گومانەکان بە گەندەڵی لە دۆسێیەکەی نێوان نێگرێرا و بارسێلۆنا، ناردە دادگای دژە گەندەڵی لە ئیسپانیا بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر لە وردەکارییەکانی دۆسێیەکە. لەو نێوەندەدا، میدیای ئیسپانیا دوو راپۆرتی نێگرێرایان بڵاوکردووەتەوە کە داویەتییە بارسێلۆنا و وردەکاری لەسەر شێوازی پێکەوە کارکردنیان رووندەکاتەوە.
 
راپۆرتەکانی نێگرێرا، لە ژێر ناوی 'راپۆرتی نهێنی ناوبژیوانان' دراونەتە کارگێڕیی بارسێلۆنا و باس لە وردەکاری ئاستی دوو ناوبژیوان لە دوو یاریی جیاوازدا دەکەن.
 
دوو راپۆرتەکە لەسەر دوو ناوبژیوانن یەکێکیان ئیگناسیۆ ئیگلیسیاس فیلانۆیڤا و ئەویدیکەیان داڤید پێرێز پالاسە، راپۆرتەکان گەرچی وەک میدیای ئیسپانی دەڵێن هەڵەی رێنووس و زمانەوانیی زۆری تێدایە، بەڵام بەوردی باس لە سیفات و کەسایەتی و خاڵە بەهێز و لاوازەکانی هەردوو ناوبژیوانی کردووە، کە دوو یاریی بارسێلۆنایان بەڕێوەبردووە.
 
راپۆرتی یەکەم، باس لە فیلانۆیڤا دەکات، کە ئێستا کاری ناوبژیوانی ڤارە و ئەوکات ناوبژیوانی یاری نێوان بارسێلۆنا و ریال مایۆرکا بووە لە مانگی نۆڤێمبەری 2012، یارییەکە بەسەرکەوتنی بارسێلۆنا 4 - 2 گۆڵ، کۆتایی هاتووە.
 
راپۆرتەکە زانیارییە پیشەگەرییەکانی ناوبژیوانەکەی تێدایە، بەوەش راپۆرتێکی گشتگیر لەبارەی ناوبژیوانەوە خراوەتە بەردەستی بارسێلۆنا.
 
لە بەشێکی راپۆرتەکی نێگرێرادا لەبارەی فیلانۆیڤای ناوبژیوانەوە نوسیوویەتی، "توانایەکی جەستەیی باشی هەیە، لە نزیکەوە چاودێریی یاریی دەکات و بەردەوام دەگاتە هەموو شوێنێکی یاریگە، ئەوەش وا دەکات بەردەوام ئاگاداری وردەکارییەکانی نێو یارییەکە بێت".
 
راپۆرتەکە هەروەها دەڵێ، "ئەو ناوبژیوانە هێندە وردە، تەنانەت هەڵدانی لای بەهەڵە لەسەر یەکێک لە تیپەکان ئەژمارکرد، کە ئەوە کەم ناوبژیوان ئەژماری دەکەن".
 
لە وردەکاری باسی کەسایەتی ناوبژیوانەکەدا هاتووە، "ئەو یەکێکە لەو کەمە ناوبژیوانانەی ئاستێکی بەرزی مێشک روونی و ئازایەتییان تێدایە و کارت دەبەخشێتەوە و هەر یاریزانێک شایستەی دەرکردن بێت دەریدەکات. هەروەها ئەو ئازایە لە بڕیارەکانیدا و بە متمانەوە بڕیارەکانی دەدات و هەر ئەوەش هۆکارە بۆ ئەوەی بەردەوام گلەیی لێبکرێت".
 
راپۆرتی دووەمی بڵاوکراوە، لەبارەی داڤید پێریز پالاسە، لەبارەی توانای ئەو ناوبژیوانەیە لە یارییەکی 'بارسێلۆنا بی' بەرامبەر کۆردۆبا لە گەڕی هەشتەمی خولی پلە دووی ئیسپانیا. بەڵگەنامەکە روونیدەکاتەوە کە خاڵی هێز و لاوازی هەڵسوکەوتەکانی ئەو ناوبژیوانە چییە.
 
راپۆرتەکە دووپات لەوە دەکاتەوە کە ئەو ناوبژیوانە، بەوە بەناوبانگە کە کارتی زەرد و سوور بەزوویی بە یاریزانان دەدات.
 
بەپێی زانیاری زیاتر کە میدیای ئیسپانیا لەبارەی راپۆرتەکانەوە بڵاویکردوونەتەوە، ئەو راپۆرتانە لە کاتی پشکنینی ماڵی جۆزیپ کۆنترێراس، بەڕێوەبەری پێشووی یانەی بارسێلۆنا دەستیان بەسەردا گیراوە کە لە دیسێمبەری رابردوودا گیانیلەدەستدا.