چیرۆکی من.. جۆرجینیا وەک خانمێکی شاهانە لە سعودیە

رووداو دیجیتاڵ

رازیبوونی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بە پەیوەندیکردن بە یانەی نەسڕی سعودییەوە، چەندە پرسیاری لەبارەی ئەوەوە وروژاند کە چۆن دەکرێ ئەستێرەیەکی مەزنی وەک رۆناڵدۆ بچێتە خولی سعودیە و چۆن دەکرێ پاشای چامپیۆنزلیگی گەورەترین پاڵەوانێتی لەسەر ئاستی ئەوروپا روو لە خولێکی نەناسراوی وڵاتێک بکات کە لە نەخشەی تۆپی پێی جیهانیدا بوونێکی ئەوتۆی نییە، ئەوەندەش پرسیاری لەبارەی ئەوەوە وروژاند جۆرجینای کچە هاوڕێی رۆناڵدۆ، چۆن لە سعودیە دەژی و سعودییەکان کە سیستمێکی پارێزکارانەیان لە بەرامبەر ئافرەتاندا هەیە، چۆن جۆرجینا قبووڵ دەکەن.
 
رۆناڵدۆ هاتە سعودیە و لە یاریگەی مەرسول پارکدا، هەزاران هاندەر بۆ پێشوازی و ئامادەبوون لە رێوڕەسمی ناساندنی رۆناڵدۆ بە هاندەرانی یانەکە ئامادەبوون.. لەگەڵ رۆناڵدۆدا، جارێکی دیکە سەرنجەکان چوونەوە سەر جۆرجینا، ئەو کە پێشتر هەمیشە بە جلوبەرگی زۆر کراوە و نیمچە رووتەوە دەرکەوتبوو، لە یەکەم دەرکەوتنیدا لە سعودیە، جلوبەرگێکی پارێزکارانەی پابەند بە کولتووری سعودیەی پۆشیبوو، ئەو جلوبەرگانە نەیانتوانی جوانی و سەرنجڕاکێشییەکەی ئەو بشارنەوە.
 

لە یەکەم دەرکەوتنیدا لە سعودیە، جۆرجینا لە پاڵ رۆناڵدۆ و منداڵەکانیدا، گەرچی هیچ بەشێکی جەستەی نەمابوو بە جلوبەرگ داینەپۆشێت، بەڵام وەک باوی نێو کۆمەڵگەی سعودی بۆ ئافرەتان، ئەو لەچکی نەپۆشیبوو..
 
بەرلەوەی دەستەوارەی گواستنەوەکەی رۆناڵدۆ بۆ سعودیە ببێتە فەرمی و لە کاتێکدا هەمووان باسیان لە نزیکیی سەرگرتنی دەستەوارەکە دەکرد، سەرنجەکان لەسەر ئەوەبوون جۆرجینا لە سعودیە دەبێ چیبکات و چۆن خۆی دابپۆشێت و چۆن مامەڵە بکات، میدیای جیهانی وەک ئەوەی پەیام ئاراستەی جۆرجینا بکات، ئەو رێوشوێن و یاسایانەی بۆ جۆرجینا رووندەکردەوە کە دەبێ لە سعودیەدا پێیانەوە پابەند بێت.
 
چوون و دەرکەوتنی رۆناڵدۆ و خێزانەکەی بۆ سعودیە، وەک یەکنەگرتنەوەی دوو وێنەی جیاواز دەهاتنە بەرچاو، جۆرجینا ساڵانێکی بەرچاوە وەک نمایشکاری جلوبەرگ و وەک خانمێکی بنەچە لاتینی ئەوروپی دەردەکەوێت.. ئەو لە بۆنە و نمایشە جیاوازەکاندا، هەندێکجار لە پاڵ رۆناڵدۆدا بە جلوبەرگی تەواو کراوە و ئەوروپییانەوە دەردەکەوت و نمایشی جەستە رێک و لەشولارە سەرنجڕاکێشەکەی خۆی دەکرد.. هەندێکجاریش لەپاڵ رۆناڵدۆدا بەهەمان ستایلەوە و بە نوێترین خشڵ و هۆکارەکانی رازاندنەوەوە دەبووە جێگەی سەرنجی میدیاکان... هەمووان دەیانپرسی جۆرجینا لە سعودیە چۆن دەبێت؟
 
بەر لە هاتنی رۆناڵدۆ و جۆرجینا بۆ سعودیە، پرسیارێکی دیکەش وروژێنرا، یاساکانی سعودیە رێگەنادەن کچ و کوڕێک پێکەوە بژین ئەگەر گرێبەستی هاوسەرگیرییان لە نێواندا نەبێت. ئەمە بەبەربەستێکی گەورە لەبەردەم هاتنەکەدا لێکدرایەوە.. ئەوە وروژێنرا کە کریس و جۆرجینا چونکە تاوەکو ئێستا بەفەرمی هاوسەرگیرییان نەکردووە، دەبێتە کێشە بۆیان.. بەڵام وەکئەوەی هیچ رێسایەک لە ئارادا نەبێت، رۆناڵدۆ و جۆرجینا و منداڵەکانیان لە ریاز نیشتەجێبوون و کەسیش لەو بابەتەی نەپرسییەوە.
 
لەگەڵ سەرگرتنی دەستەوارەی گواستنەوەکە و ئەو هەموو سەرنجە میدیاییەی خرایە سەر رۆناڵدۆ و زوو درەوشانەوەی ئەو لە خولی سعودیەدا، جۆرجیناش هەرزوو تێکەڵ بە کۆمەڵگەی سعودی بوو.. ئەو ئیدی بووە ئایکۆنێک بۆ کۆمەڵگەی سعودی و نموونەیەک لە نموونەی ئەو خانمە بیانییانەی کچانی سعودیە حەز بە تێکەڵبوون لەگەڵیدا دەکەن و دەیانەوێت لاسایی بکەنەوە.
 

زۆری نەبرد، جۆرجینا لە چەندین شوێنی گشتیدا لە سعودیە و بەتایبەت لە ریاز دەرکەوت.. لە مۆڵ و سوپەرمارکێتەکان بەجلوبەرگی ئاساییەوە بووە جێگەی سەرنجی سعوودییەکان و هەندێکجاریش ئەو یاوەریی منداڵەکانی دەکرد بۆ دەرکەوتن لە شوێنە گشتییەکان و شاری یاری و ئەو جێگایانەی بۆ پشووی خێزان دەبن.. بەڵام لە هیچ کام لە دەرکەوتنەکانیدا جۆرجینا وازهێنان لە ستایلی جلوبەرگەکانی خۆی و خۆداپۆشینی پێوە نەبینرا.
 
جۆرجینا ئێستا کە یەکەم رێگەی بۆ پەیوەندیکردن و پێشاندانی چالاکییەکانی خۆی، ئینستاگرامەیەکەتی، لە پۆستەکانی خۆی لە سعودیە بەزمانی عەرەبی دەنووسێت شانشینی عەرەبیی سعوودیە و گوزارشت لە دڵخۆشی و جوان مانەوەی خۆی دەکات، هاوشێوەی ئەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە یاریگەکانی ئەو وڵاتەدا لە دڵخۆشی و زەردەخەنە و ئارامی پێشانی هەوادارەکانیانی دەدەن.
 
جۆرجینا لە سعودیە وازی لە خووە ئەوروپییە کراوەکەی خۆی نەهێناوە.. بەجلوبەرگی زۆر ئازادەوە دەردەکەوێت، لە رێگەی جلوبەرگەکانییەوە پەیامی جیاواز دەنێرێت، لە بۆنەیەکی گەورەی وەک جۆی ئەوارد 2023دا، جۆرجینا جلوبەرگێکی رەشی درێژی سەرنجڕاکێش و تەسکی پۆشی و لەسەر ستەیج بە ستایلێکی سەرنجڕاکێشەوە دەرکەوت.. قاچەکانی خۆی نمایشکرد و سەرپۆشێکی پۆشیبوو.. ئەو بۆنەیە سەرەتاکانی تێکەڵبوونی جۆرجینا بوو لەگەڵ ئەو کرانەوە گەورەیەی کولتوور و ئازادی کە ئێستا سعودیە بەخۆوەی دەبینێت.
 
میدیای بەریتانیا کە تاوەکو ئێستاش هەر بەشوێن هەواڵەکانی تایبەت بە رۆناڵدۆوەن، گوتوویانە جۆرجینا رۆدریگێز لەسەر گۆڕەپانی کۆمەڵاتی سعودیە سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە، دەرکەوتنی ئەو لە خەڵاتەکانی جۆی ئەوارد، سەرنجی لە هەموو ئامادەبووانی بۆنەکە دزی و تەنانەت دەرکەوتنی جۆرجینا لە ئاهەنگەکەدا لە دەرکەوتنی ئەکتەرێکی بەناوبانگی وەک سۆفیا فێرگارای بەناوبانگ گەورەتر بوو، لە کاتێکدا ڤێرگارا لەلایەن فێستیڤاڵەکەوە بە کەسایەتیی ساڵ دەستنیشانکرابوو.
 
جۆرجینا و رۆناڵدۆ، بەهەموو شێوەیەک گونجان و تێکەڵبوونی خۆیان بە کۆمەڵگەی سعودیە دووپاتدەکەنەوە، تەنانەت لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە بڵاوکراوەتەوە، جۆرجینا بە رۆناڵدۆ دەڵێت، منداڵەکانی خۆیان فێری زمانی عەرەبی دەکەن.. ئەوەی کە بەشێکی دیکە لە سەرنجڕاکێشیی ژیانی جۆرجینای لە سعوودیە دەرخستووە، ئەوەیە کە جۆرجینا تەنانەت تێکەڵ بە ماڵباتی دەسەڵاتداری وڵات بووە، لە بۆنەیەکدا وێنەی ئەو لەگەڵ ئەمیرە لوئلوئە ئال سعوددا دەرکەوتووە و جلوبەرگەکانی بەری جێگەی سەرنجی هەوادارەکانی بوو.
 

پێناچێ هیچ رێگرییەک لەو شێوازە ستایل و بەرگپۆشینەی جۆرجینادا لە سعودیە بوونی هەبێت، گۆڤاری تاتلەری بەریتانی ئەوە دووپاتدەکاتەوە کە رۆناڵدۆ و جۆرجینا لە خۆشییەکی زۆردا دەژین لە سعودیە، چونکە ئەوان 17 ژووری دوو نهۆمی هوتێلی فۆر سینزسیان لە تاوەری شانشین لە ریاز گرتووە کە بەرزییەکەی 267 مەترە و تێچووی مانگانەی ئەو بەکرێگرتنە نزیکەی 309 هەزار دۆلاری مانگانەیە.
 
وەک گۆڤارە بەریتانییەکە دەڵێ، ئەو دوو نهۆمەی هوتێلەکە، بەشی زۆری بە زێڕ رووپۆشکراوە و هەموو پێداویستییەکی بۆ ماڵباتەکەی رۆناڵدۆی تێدا بەردەستە، تەنانەت لە نێو هوتێلەکەدا هەموو مارکە بەناوبانگەکانی جیهان لە جلوبەرگ، خشڵ و زێڕ و بۆنی گرانبەها دەفرۆشرێن.
 
جۆرجینا لە بۆنەی دیکە و دەرکەوتنی دیکەشدا، هەمان ستایل دووبارە دەکاتەوە، سنگێکی کراوە و جلوبەرگێکی درێژ بە درێژایی باڵای، لەگەڵ لەچکێکدا کە سیمبولە بۆ دەرکەوتنی خانمان لە سعودیە.. ئەو ئێستا رێکلام بۆ بەشێکی نوێ لە زنجیرە دۆکۆمێنتارییەکەی تایبەت بە ژیانی خۆی دەکات بەناوی سۆی جۆرجینا، پێشبینیکراوە بەشە نوێیەکەی ئەو زنجیرەیە، سەرنجی زیاتر بخاتە سەر ژیانی جۆرجینا و کریس لە سعودیە و وردەکاری زیاتر لەو بارەیەوە بخاتە روو.
 
گۆڤاری تاتلەری بەریتانی دەڵێ، ماڵباتەکەی رۆناڵدۆ لە سعودیە بنکەیەکی فراوانی خۆشەویستی خەڵکیان دروستکردووە و لای خانمانی سعودیە جۆرجینا بووەتە سیمبول.. لە کاتێکدا پێرس مۆرگانی رۆژنامەڤانی بەریتانی کە هاوڕێی کریستیانۆ رۆناڵدۆیە و لە رێگەی چاوپێکەوتنێکەوە لەگەڵ رۆناڵدۆ لە دوای مۆندیالی 2022ی قەتەر، ناکۆکییەکانی نێوان کریس و تێن هاگی راهێنەری مانچێستەر یونایتدی تەقاندەوە، دەڵێ لە سعودیە رۆناڵدۆ و خێزانەکەی بوونەتە باسوخواسی سەرنجڕاکێشی خەڵکی وڵات.