سەرۆکی ئینتەرمیلان خەون بە دێربییەوە دەبینێت


رووداو دیجیتاڵ

ستیڤن زهانگ، سەرۆکی یانەی ئینتەرمیلانی ئیتاڵی، دڵخۆشیی خۆی بە سەرکەوتنی تیپەکەی بۆ چارەکی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا راگەیاند، پاشئەوەی ساڵانێکی بەرچاو نەیتوانی ئەو دەستکەوتە بەدەست بهێنێت.
 
نیرازۆری، دوێنێ شەو دوای یەکسانبوون لەگەڵ پۆرتۆی پۆرتوگالی بەبێ گۆڵ، گەیشتە قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ. ئینتەر سوودی لە بردنەوەی یاریی چوون بینی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر.
 
دوای یارییەکە، زهانگ قسەی بۆ میدیای ئیتاڵیا کردووە، ئەو دەڵێ، "زیاتر لە دەیەیەک تێپەڕیووە بەسەر ئەو وەرزەدا کە ئینتەرمیلان لە چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ بوو".
 
هەروەها دەڵێ، "ئەمە کارێکی ئاسان نەبوو بەرامبەر پۆرتۆ، ئەوان کوالیتی و رێکخستنی خۆیان پێشاندا، بەڵام لە کۆتاییدا ئینتەر سەلماندی کە دەتوانێ لە پاڵەوانێتییەکەدا زیاتر بڕوات".
 
سەرۆکی ئینتەرمیلان زیاتر گوتوویەتی، "پێویستە هەموو کات لەم قۆناخەی پاڵەوانێتییەکەدا بین، ئەمە بەرهەمی کار و ماندووبوونی چەندین ساڵە، پێویستی بە قوربانییدانی زۆر هەبوو، ئەمە دەستکەوتێکە و دەیسەلمێنێ کە ئێمە کاری باشمان کردووە".
 
سەرۆکی یانە ئیتاڵییەکە زیاتر گوتوویەتی، "ئێمە زۆر بە بەجۆشوخرۆشین، بۆ ئەوەی لە قۆناخی داهاتوودا ئاستی باشتر پێشان بدەین، هەموو ئەو رکابەرانەی بۆی هەیە بەرامبەریان یاریی بکەین، رکابەری قورسن".
 
زهانگ، دووپاتیکردووەتەوە کە ئامانجی تیپەکەی رکابەرییکردنە لەسەر هەموو ئاستەکان، ئەمە کارێکە پێویستە یانەکەمان ئەنجامی بدات، ئەنجامدانی ئەوە، دووپاتیدەکاتەوە کە ئێمە بە ئاراستەی دروستدا هەنگاو دەنێین".
 
سەرۆکی ئینتەرمیلان زیاتر گوتوویەتی، "ئێمە هەوڵی زۆر دەدەین بۆ ئەوەی بگەینە ئامانجەکانمان لەسەر یاریگە، هیوادارم بگەینە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگی ئەمساڵ و لەوێ لە دێربی میلانۆدا لەسەر ئاستی ئەوروپا، بەرامبەر میلان یاری بکەین".
 
پێشتر هیچ کاتێک رووینەداوە ئینتەرمیلان و میلان لە یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگدا، بەیەکبگەن.