ناپۆلی بەدوای نووسینەوەی لاپەڕەیەکی مێژووییدا دەگەڕێت


رووداو دیجیتاڵ

یاریگەی دیێگۆ ئارماندۆ مارادۆنا، چاوی لەوەیە مێژوویەکی دیکەی سەروەری و چاوەڕوانکراو بۆ ساڵانێکی زۆر، بنووسێتەوە.. هاندەرانی یانەکەی باشووری ئیتاڵیا، کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی سروودێکی دیکەی نەمریی و دێڕێکی دیکە لە گۆرانیی سەرکەوتن بڵێنەوە.
 
ناپۆلی لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی شانزەی چامپیۆنزلیگدا، ئەمشەو لەسەر یاریگەی خۆی میوانداری ئاینتراخت فرانکفۆرتی ئەڵمانی دەکات.. ئەڵمانییەک لە نێو بێئومێدییەکی زۆرەوە دەچێتە ئیتاڵیا و تەنیا چاوی لە پەرجوویەکە بۆ ئەوەی لەو یاریگە پڕ لە جۆشوخرۆشەی ئیتاڵیا بێتە دەرەوە.
 
ناپۆلی لە یارییەکەدا وەک راهێنەرەکەی دەڵێت، بەدوای نووسینەوەی مێژوویەکی تۆمارنەکراودا دەگەڕێت، ئەگەر یانەکە بگاتە قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ، ئەوە یەکەمجار دەبێت لە مێژووی یانەکەدا، بگاتە ئەو قۆناخەی پاڵەوانێتییەکە.
 
ناپۆلی، کە ریتمی ناوازە و سەرکەوتنی خۆی دۆزیوەتەوە، نیوەی رێگەی بەرەو قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە بڕیووە. یانەکەی باشوور، بەیادەوەرییەکانی زیندووکردنەوەی رۆژانی پڕ سەروەریی مارادۆناوە دێتە نێو ململانێیەکی دیکە لەبەرەیەکی دیکەدا، لەپێناو سەرکەوتن، پاشئەوەی لە سێریا ئەیدا، شکستی بە گەورەیەکی وەک ئاتلانتا هێنا و گەڕانەوەی بۆ سەر راستەڕێی سەرکەوتنەکان دووپاتکردەوە.
 
ناپۆلی وەکچۆن ئەمساڵ خەون بە نازناوی خولی ئیتاڵیاوە دەبینێت پاش سێ دەیە لە چاوەڕوانی و پێدەچێ ئێستا لە هەموو کات زیاتر لێیەوە نزیک بێت، درێژە بەسەرکێشییەکانی خۆی لە چامپیۆنزلیگدا دەدات، پشتقایمە بەوەی لە یاریی چووندا بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر و لە دەرەوەی یاریگەی خۆی، سەرکەوتنی بەدەستهێناوە.
 
ناپۆلی کە زیاتر لە سێ دەیە بەر لە ئێستا، بە خەونە مەزنەکەی خۆی گەیشت لەسەر دەستی مارادۆنا، ئەمساڵ بۆ گەیشتنەوە بەو خەونە، پشت بە درەوشانەوەکانی خڤێتشا کڤاراتسخیلیا دەبەستێت، ئەو یاریزانە دوای 13 گۆڵ و هەمان ژمارە ئەسیست لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکان، ئیدی ناوەکەی لەسەر زاری هاندەرانی یانەکە بووەتە کڤارادۆنا. ئەو لەگەڵ ئۆسیمینی گۆڵکەری یەکەمی یانەکەدا، ئومێدێکی دیکەیە بۆ پەڕینەوەی باشوورییەکان بەرە قۆناخی داهاتوو.
 
ئاینتراخت فرانکفۆرت، پێناچێ ئەمساڵ لە چامپیۆنزلیگ، ئەوەی بەئاسانی بۆ بچێتە سەر کە وەرزی رابردوو لە یۆرۆپالیگ کردی.. بەرپرسانی ناپۆلی بۆ خۆپاراستن لەو سیناریۆ پڕ ئابڕووچوونەی وەرزی رابردوو ئەڵمانەکان بەسەر بارسێلۆنایاندا هێنا، بڕیاریانداوە رێگەنەدەن هیچ هاندەرێکی ئاینتراخت لە یارییەکەدا ئامادەبێت.
 
بۆ فرانکفۆرت تەنیا ئەوە کێشە نییە کە هاندەرانی لە پشتی نین لە یارییەکەدا، بەڵکو بەشێکی دیکەی کێشەکە پەیوەندی بەوەوە هەیە کە راندال کۆلۆموانێی هێرشبەری یانەکە، کە لە یاریی چووندا بەکارتی سوور دەرکرا، بەشداریی یارییەکەی ئەمشەو ناکات.