گریزمان: ئەمشەو شەوێکی جوان دەبێت

رووداو دیجیتاڵ

ئانتوان گریزمان، یاریزانی یانەی ئاتلێتیکۆ مەدریدی ئیسپانی، باس لەوە دەکات کە یارییەکەیان بەرامبەر مانچێستەر یونایتد زۆر زەحمەت دەبێت و هیوا دەخوازێت ئەمشەو بۆ خۆی و هاوڕێکانی شەوێکی جوان بێت.
 
ئەمشەو کاژێر 23:00 بە کاتی باشووری کوردستان، لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگدا، یانەی مانچێستەر یونایتد لەسەر یاریگەی ئۆڵترافۆرد میوانداری یانەی ئاتلێتیکۆ مەدریدی ئیسپانی دەکات، کە لە یاریی چووندا هەردوو یانە بە ئەنجامی 1-1 یەکسانبوون.
 
ئانتوان گریزمان، لە لێدوانێکدا سەبارەت بە یارییەکەی ئەمشەو، گوتی "یارییەکی جوان دەبێت، دەزانین کە جەماوەرێکی زۆر ئامادەی یارییەکە دەبێت، ئەو یارییە بۆ ئێمە زۆر گرنگە، کە پێویستە بیبەینەوە و بەردەوام بین لە بەرەوپێشڤەچوون، هیوادارین شەوێکی جوان بێت".
 
یاریزانە فەرەنسییەکە، هەروەها دەڵێت "ئێمە دڵنیاین کە بەشێوەیەکی باش یاری دەکەین، یاریزانەکانمان، یەدەگ بن یان سەرەکی بەشێوەیەکی باش کاری خۆیان دەکات، پێویستە ئێمە لەسەر ئەم رێچکەیە بەردەوام بین، من دڵنیام هەر یاریزانێک بچێتە نێو یاریگە ئامادە دەبێت بۆ ئەوەی هەر شتێک تیپەکەی لە یارییەکەدا پێویستی پێبێت بیکات، بۆ ئەوەی هەمووان پێکەوە ئاستێکی باش پێشکێش بکەن".
 
گریزۆ باسی یاریگەی ئۆڵترافۆردی کرد و گوتی "یاریگەیەکی زۆر جوانە، شەوەکانی چامپیۆنزلیگ هەمیشە جیاوازن، هیوادارین بیکەینە شەوێکی جوان بۆ خۆمان و بیبەینەوە، ئێمە تیپێکمان هەیە کە دەتوانێت ئەوە بکات". 
 
ئەستێرەی رۆخی بلانکۆس، لە کۆتایی قسەکانیدا، گوتیشی "یارییەکە زۆر زەحمەت دەبێت، کە پێویست دەبێت لەسەرمان لە هەر چرکەیەک و هەر خولەکێکدا بجەنگین، من دڵنیام کە ئێمە توانامان هەیە ئەو کارە بکەین و خۆمان بە باشی بۆ ئەو یارییە ئامادە بکەین".