راهێنەری بێنفیکا: دەبێت ئایاکس رێز لە ئێمە بگرێت

رووداو دیجیتاڵ

نێلسۆن ڤێریسیمۆ، راهێنەری یانەی بێنفیکای پۆرتوگالی، دەڵێت "پێویستە ئایاکس رێز لە ئێمە بگرێت". هەروەها دەشڵێت "ناکرێت بڵێین ئێمە تەنیا بەپشتبەستن بە هێرشی هەڵگەڕاوە یاری دەکەین".
 
ئەمشەو کاژێر 23:00 بە کاتی باشووری کوردستان، لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگدا، یانەی ئایاکس ئەمستردامی هۆڵەندی لەسەر یاریگەی یوهان کرۆیف ئارێنا میوانداری یانەی بێنفیکای پۆرتوگالی دەکات، کە لە یاریی چووندا هەردوو یانە بە ئەنجامی 2-2 یەکسانبوون.
 
نێلسۆن ڤێریسیمۆ، راهێنەری یانەی بێنفیکا، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا، دانی بەوەدانا کە ئەرکیان زۆر زەحمەتە، بەڵام گەشبینی خۆیشی نەشاردەوە.
 
ئەو گوتی "یارییەکی زەحمەتمان هەیە، بەڵام ناکرێت بڵێین ئێمە تەنیا بەپشتبەستن بە هێرشی هەڵگەڕاوە یاری دەکەین، دەبێت تیپێکی یەکگرتوو بین و ستراتیجیەتێکمان هەبێت، بۆ ئەوەی یارییەکی باش بکەین".
 
راهێنەری بێنفیکا، لە بەردەوامی قسەکانیدا بۆ رۆژنامەڤانان، گوتی "دەزانین کە پێویستە ئێمە لە هێڵی بەرگرییەوە توانایەکی باشمان هەبێت و خۆمان ماندوو بکەین، دەبێت بەرگرییەکی رێکخراومان هەبێت، ئێمە لە یاریی چووندا دوو گۆڵمان لێبوو، بەڵام دواتر لە ماوەیەکی درێژدا توانیمان بەرگرییەکی توند بکەین".
 
ڤێریسیمۆ هەروەها گوتیشی "دەبێت ئێمە لە بەرزترین ئاستماندا بین بۆ ئەوەی ئەو بەربەستە قورسە ببڕین، کە ئایاکسە، ئێمە بڕوامان وایە کە چانسی هەردووکمان یەکسانە، کە لەپێش یاریی یەکەمیشماندا وامگوت و زۆر کەس بڕوای پێنەکردم".
 
راهێنەری بێنفیکا، دووپاتیشیکردەوە "دەبێت ئایاکس رێز لە ئێمە بگرێت و ئێمەش رێزیان لێدەگرین، ئەم یارییە یاریی پشیلە و مشک دەبێت، کە بێگومان هەردوو تیپ بەدوای خاڵە لاوازەکانی یەکدیدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی بیانقۆزنەوە".