تین هاگ: دەتوانین لە بێنفیکا ببەینەوە

15-03-2022
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ئێریک تین هاگ بێنفیکا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئێریک تین هاگ، راهێنەری یانەی ئایاکسی هۆڵەندی، دڵنیایە لەوەی کە دەتوانن لە بێنفیکا ببەنەوە و خۆیان بگەیننە قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ، ئەوە دەڵێت "هەندێک لە یاریی چوون باشتر یاری بکەین لە بێنفیکا دەبەینەوە".
 
ئەمشەو کاژێر 23:00 بە کاتی باشووری کوردستان، لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگدا، یانەی ئایاکس ئەمستردامی هۆڵەندی لەسەر یاریگەی یوهان کرۆیف ئارێنا میوانداری یانەی بێنفیکای پۆرتوگالی دەکات، کە لە یاریی چووندا هەردوو یانە بە ئەنجامی 2-2 یەکسانبوون.
 
ئێریک تین هاگ، راهێنەری یانەی ئایاکس لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا، گەشبینی خۆی بۆ رۆژنامەڤانان دووپاتکردەوە و گوتی "لە یەکەم رۆژی مانگی یەکەمی ئەمساڵەوە ئێمە باشترین یانەی هۆڵەنداین، لە جامی هۆڵەندا لە ئەلخەمارمان بردەوە لەنێو یاریگەی خۆیدا، بەرامبەر بێنفیکاش لە دەرەوەی یاریگەی خۆماندا ئاستێکی باشمان پێشکێش کرد و ئەنجامێکی باشمان بەدەستهێناوە".
 
ئەو گوتیشی "ئەگەر تا راددەیەک باشتر یاری بکەین، دڵنیام دەتوانین لەم یارییەدا لە بێنفیکا ببەینەوە و بلیتی قۆناخی هەشت بەدەستبێنین".
 
تین هاک زیاتر گوتی "ئەگەر سەیری رێژەی گۆڵکردنمان بکەین دەتوانین بڵێین ئێمە لەم وەرزەی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپادا سەرکەوتوو بووینە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە لە لایەنە وەرزشییەکەوە دەمانەوێت زۆرترین سوود وەربگرین و زیاتر بەرەو پێشەوە بڕۆین".
 
راهێنەری ئایاکس، لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، گوتی "ئێمە لەم یارییەدا بەرامبەر بێنفیکا ئاڵنگارییەکی قورس و زەحمەتمان لەپێشە، دەمانەوێت بۆ دوورترین شوێن لەم پاڵەوانێتییەدا بڕۆین، کە بێگومان سەرەتای ئەم هیوایەمان لەم یارییەدا لەگەڵ بێنفیکا دەستپێدەکات و پێویستە لێیببەینەوە".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە