لێدوانی سیمیۆنی سەبارەت بە رووبەڕووبوونەوەی مانچێستەر یونایتد

رووداو دیجیتاڵ

 

دیێگۆ سیمیۆنی، راهێنەری یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید، دووپاتیدەکاتەوە کە یارییەکەیان بەرامبەر مانچێستەر یونایتد زۆر زەحمەت دەبێت، بەڵام وەکخۆی دەڵێت، هیوا و متمانەی بە یاریزانەکانی هەیە یارییەکە ببنەوە.
 
ئەمشەو کاژێر 23:00 بە کاتی باشووری کوردستان، لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگدا، یانەی مانچێستەر یونایتد لەسەر یاریگەی ئۆڵترافۆرد میوانداری یانەی ئاتلێتیکۆ مەدریدی ئیسپانی دەکات، کە لە یاریی چووندا هەردوو یانە بە ئەنجامی 1-1 یەکسانبوون.
 
دیێگۆ سیمیۆنی، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای یارییەکەدا، قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی "پێشبینی یارییەکی دینامیکی دەکەم، هەندێجار گوشارمان دەکەوێتە سەر، کە بەزۆری یاریکردن لەو جۆرە یارییانەدا هەروایە".
 
ئەو گوتیشی "دەزانین تواناکانی مانچێستەر یونایتد چەندن و دەزانین ئێمە رووبەڕووی کام تیپ دەبینەوە، بەڵام متمانەمان بەخۆمان هەیە".
 
راهێنەرە ئەرجەنتینییەکی یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید، راشکاوانە دانی بەوەدا نا کە پشت بە هێرشی هەڵگەڕاوە دەبەستن و گوتی "ئێمە پشت بە هێرشی هەڵگەڕاوە دەبەستین بۆ سوود وەرگرتن لە هەڵەکانیان کە لەوانەیە رووبدەن، ئێمە و ئەوان لە هێرشی هەڵەگەڕاوەدا بەهێز و خێراین، ئێمە هەردووکمان ئەو چەکە بەهێزمان هەیە".
 
ئەو زیاتر گوتی "کاتێک تیپەکەت گوشارێکی زۆر لەسەر تیپی بەرامبەر دروست دەکات کێشە و زەحمەی دروست دەکات".
 
سیمیۆنی لە بەردەوامی لێدوانەکانیدا، روونیکردەوە "لە تۆپی پێدا هەموو شتێک و هەموو ئەگەرەکان کراوەن، هەر راهێنەرێک هەوڵدەدات لەگەڵ یاریزانەکانی باشترین ئاست پێشکێش بکەن. هەر چۆنێک بێت یارییەکی جوان دەبێت لە یاریگەیەکی گەورەدا".
 
سیمیۆنی سەبارەت بە جواو فیلیکسی هێرشبەریشی، کە بەمدواییە ئاستێکی ەبرز پێشکێش دەکات، گوتی "جواو ئەوە دەکات کە تیپەکەی پێویستی پێیە، ئەو بەپەرۆش و دڵخۆشە و بە باشی کاردەکات".