رووداو دیجیتاڵ
میوانداریکردنی مۆندیالی 2018 و پێش ئەویش ئۆڵیمپیادی سۆچی لە 2014، هەروەها سپۆنسەریکردنی یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا لە لایەن گازپرۆمەوە، سێ هۆکاری کاریگەربوون بۆ جوانکردنی وێنەی رووسیا لای جیهان و بەرزکردنەوەی رێژەی جەماوەریی ڤلادیمێر پووتین، بەڵام هێرشکردنە سەر ئۆکراینا هەموو شتێکی گۆڕی.
وەرزشی ئەو وڵاتە یەکێکە لەو بوارانەی بەهۆی سیاسەتی پووتینەوە زۆرترین زیانی بەرکەوتووە، بەهۆی ئەوەی وەرزشی ئەم وڵاتە کەوتووەتە نێو ئابڵۆقەی جیهان، وەرزشوانانی ئەو وڵاتە کە خۆیان بە ستەملێکراو دەزانن، ئێستا رقیان لە پووتینە و پێیانوایە ئەو هۆکار بووە بۆ ئەوەی دامەزراوە وەرزشییە گەورەکانی جیهان، وەک فیفا، یوفا و لیژنەی ئۆڵیمپی نێودەوڵەتی بە سزا قورسەکانیان ستەمیان لێبکەن.
سەرەتای سزاکان بە لێوەرگرتنەوەی مافی میوانداریکردنی یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ دەستیپێکرد، ئینجا یوفا گرێبەستەکەی لەگەڵ گازپرۆم هەڵوەشاندەوە، کە بڕی گرێبەستەکە 40 ملیۆن یۆرۆی ساڵانە بوو.
خەڵاتی گەورەی رووسیا لە فۆرمۆلا وەن هەڵوەشێنرایەوە، لیژنەی ئۆڵیمپی نێودەوڵەتیش رێگە نادات هیچ وەرزشوانێکی رووسی لەژێر ئاڵا و سروودی نیشتیمانی ئەو وڵاتەدا بەشداری لە هیچ خول و پێشبڕکێیەکی نێودەوڵەتیدا بکات، هەڵبژاردەی رووسیا لە یارییەکانی پاشکۆی پاڵاوتنەکانی مۆندیال دەرکرا و یانەی سپارتاک موسکۆ لە یۆرۆپالیگ دوورخرایەوە.
وەرزش هەمیشە کاریگەری بەسەر کۆمەڵگاوە هەبووە، هەر لەم روانگەیەشەوە بەرپرسانی وەرزشیی جیهانی پاساو بۆ بڕیارەکانیان بە سزادانی وەرزشوانانی رووسیا دەهێننەوە، کاتێک لێیان دەپرسن، وەرزشوانان چی گوناحێکیان هەیە، بۆچی باجی سیاسەتە هەڵەکانی سەرۆکەکەیان بدەن؟
ئەوان دەڵێن "ئابڵۆقەی وەرزشی کاریگەری بەسەر پێگەی پووتین لەنێو رووسیادا دەبێت". هەروەها پێیانوایە وەرزش لەو وڵاتانەدا زۆر گرنگ و کاریگەرە کە رژێمەکانیان دیکتاتۆرین، چونکە بێبەشکردنی وەرزشوانانیان لە پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەکاندا زۆر زیان بە رژێمی دەوڵەت دەگەینێت.
مایکل باین، یەکێکە لە ئەندامانی پێشووی لیژنەی ئۆڵیمپی نێودەوڵەتی، ئەو لەبارەی کاریگەرییەکانی سزادانی رووسیا بەسەر وەرزشی ئەو وڵاتەدا، دەڵێت "ئابڵۆقەی وەرزشی لە باشووری ئەفریقا ئەوەندە یان زیاتریش لە ئابڵۆقەی ئابووری کاریگەری بەسەر رژێمی دیکتاتۆرییەوە هەبوو، کە ناچاری کرد گۆڕانکاری لە سیاسەتەکەیدا بکات".
بەرپرسانی فیفا ، یوفا و لیژنەی ئۆڵیمپی نێودەوڵەتی پێیانوایە ئەوان بە ناچاری سزای وەرزش و وەرزشوانانی رووسیا دەدەن، لەپێناو لاوازکردنی دیکتاتۆرێکی وەک پووتین لەنێو خودی رووسیادا، ئەوان دەیانەوێت لانیکەم پووتین پشتگیریی وەرزشوانانی وڵاتەکەی لەدەستبدات، کە هەر لە ئێستاوە نیشانەکانی ئەو سیاسەتە دەرکەوتوون و زۆر لە وەرزشوانانی رووسیا، کە لەنێوایندا هەندێکیان بەنێوبانگن رەخنە لە سیاسەتی وڵاتەکیان دەگرن و بە ئاشکرا سەرکۆنەی ئەو هێرشە دەکەن کە لە لایەن سوپای وڵاتەکەیانەوە کراوەتە سەر ئۆکراینا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ