دی برۆین: سیتی دەتوانێت بگاتە یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگ


رووداو - هەولێر

کیڤن دی برۆین، ئەستێرەی بەلجیکی یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی متمانەی بەیانەکەی هەیە و دەڵێت یانەکەی لە توانایدایە بگاتە یاری کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا.

دی برۆین پێش یاری گەڕانەوەی قۆناخی شازدەی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا بەرامبەر یانەی مۆناکۆ گوتی، یانەکەی پاڵێوراوە بۆ گەیشتن بە یاری کۆتایی خولەکە، بەتایبەت دوای ئەوەی وەرزی رابردوو گەیشتبووە قۆناخی پێشکۆتایی پاڵەوانێتییەکە بۆ یەکەمجار لەمێژوویدا.

ئەستێرە بەلجیکییەکە ئەم قسانەی بۆ رۆژنامەی میرۆری بەریتانی کردووە و رایگەیاندوە هەموو یانەیەک دەیەوێت بگاتە یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگ، ئەوەش کارێکی ئاسان نییە، وەرزی رابردوو هەنگاوێکی باشمان هاوێشت بەگەیشتن بە قۆناخی پێشکۆتایی ئەم وەرزەش دەمانەوێت شتێکی باشتر بکەین.



لەبەرامبەر یارییەکەی بەرامبەر مۆناکۆش دی برۆین گوتی، یارییەکی زۆر زەحمەت دەبێت، گرنگە لەباردۆخێکی لەم شێوەیەدا بەباشی یاریبکەین، چونکە بردنەوە دەمانگەیێنێتە قۆناخی هەشتی پاڵەوانێتییەکە.

سیتی لە یاری چووندا بە 5-3 بردووەتەوە ئەمشەو کاژێر 22:45 رووبەڕووی یانەی مۆناکۆی فەرەنسی دەبێتەوە.