بەفەرمانی سەرۆک.. بارسێلۆنا ئەستێرە گەورەکەی پێشووی دەگەڕێنێتەوە

15-02-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن نەیمار دا سیلڤا بارسێلۆنا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنا مەرجەکانی خۆی بۆ رازیبوون بەگەڕانەوەی نەیمار داسیلڤای ئەستێرەی بەرازیلی بۆ ریزەکانی تیپەکەی داناوە.
 
نەیمار لە رێگەی بارساوە دەستی بە یاریکردنی کرد لە ئەورووپا، کاتێک لە ساڵی 2013 لە یانەی سانتۆسەوە پەیوەندی بە بارسێلۆناوە کرد، لە ساڵی 2017 بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو بارسای بەجێهێشت و رووی لە پاریس سانجێرمانی فەرەنسی کرد.
 
دوای پاریس، نەیمار لە هاوینی 2023 پەیوەندی بە یانەی هیلالی سعودییەوە کرد، کە لە دوایین ماوەی گواستنەوەی زستانەدا جێیهێشت و گەڕایەوە بۆ یانەی سانتۆس.
 
لە پێشهاتێکی نوێدا، راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی ئیسپانیا ئاماژەیان بەوە کردووە، یاریزانە تەمەن 33 ساڵەکە دەیەوێت بگەڕێتەوە یانەی بارسێلۆنا، کە ئەم هەواڵەی گەڕانەوەی ئەستێرە بەرازیلییەکە زیاتر لە جارێک دووبارە بووەتەوە.
 
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، خوان لاپۆرتای سەرۆکی بارسێلۆنا دەیەوێت نەیمار بگەڕێنێتەوە، بەڵام هانزی فلیکی راهێنەر هێشتا رازی نەبووە.
 
وەک ئەو سەرچاوانە باسی دەکەن، لاپۆرتا مەرجی هەیە بۆ گەڕاندنەوەی نەیمار و هەوڵ دەدات هانزی فلیک رازی بکات بە گەڕانەوەی نەیمار رازی بێت.
 
مەرجەکانی بارسێلۆنا بۆ گەڕانەوەی نەیمار
 
هێشتا نەیمار پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ خوان لاپۆرتای سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا هەیە، پێشتریش پێشوازی لە گەڕانەوەی دەکرد.
 
بەڵام بەگوێرەی ماڵپەڕی فوتبۆڵ ئیسپانیا، لاپۆرتا پێش ئەوەی رازی بێت بە گەڕانەوەی نەیمار مەرجی داناوە، یەکەمیان ئەوەیە کە دەبێت بە گرێبەستێکی ئازاد و بێبەرامبەر بێتە بارسا.
 
هەروەها ئەستێرە بەرازیلییەکە دەبێت توانای جەستەیی خۆی بسەلمێنێت بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ ئەو ئاستەی کە پێویستە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ تۆپی پێی ئەورووپا.
 
هانزی فلیکی ئەڵمانی، راهێنەری بارسێلۆنا، بڕوای بەوە نییە کە گرێبەستکردن لەگەڵ نەیمار بیرۆکەیەکی باش بێت.
 
بەڵام لە هەمانکاتدا لاپۆرتا و نەیمار هاوپەیمانی هاوبەشیان لە ژووری جلگۆڕیندا هەیە، دیارترینیان رافینیای یاریزانی بەرازیلی و لامین یامالی ئیسپانییە، کە ئەستێرەی پێشووی بارسا بە نموونەی باڵای خۆیان دەزانن.
 
لاپۆرتا دەتوانێت ئەم "هاوپەیمانانە" بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی فلیک رازی بکەن بیروڕای خۆی لەبارەی نەیمارەوە بگۆڕێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە