رووداو دیجیتاڵ
ریزبەندی نوێی باشترین هەڵبژاردەکانی جیهان راگەیێنرا، هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە پلەی یەکەمی ریزبەندی گشتی مایەوە و عێراقیش بازێکی گەورەی هاوێشت.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان، نوێترین ریزبەندی باشترین هەڵبژاردەکانی جیهانی راگەیاند، هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بە جیاوازیی 10 خاڵ لە پێش هەڵبژاردەی فەرەنسایە و پێشەنگی ریزبەندی جیهانە.
ئەرجەنتین خاوەنی 1855.20 خاڵە و فەرەنسا لە پلەی دووەم خاوەنی 1845.44 خاڵە، ئینگلتەرا لە پلەی سێیەم و بەلجیکا پلەی چوارەمی گرتووە و بەرازیل لە پلەی پێنجەمە.
لەسەر ئاستی کیشوەری ئاسیا، هەڵبژاردەکانی قەتەر، عێراق و ئوردن هەنگاوی گەورە هاتوونەتە پێشەوە، لە ریزبەندی باشترین هەڵبژاردەکانی جیهان، هەڵبژاردەی قەتەر دوای بردنەوەی نازناوی جامی ئاسیا، 21 پلە سەرکەوتووە و ئێستا لە پلەی 37ـی باشترین هەڵبژاردەکانی جیهانە.
هەڵبژاردەی عێراق 4 پلە سەرکەوتووە و ئێستا لە پلەی 59ـی باشترینەکانی جیهان دەبینرێت، کە زیاتر لە 17 ساڵە عێراق ئەم پلەیەی بەخۆیەوە نەبینیووە.
هەرچی هەڵبژاردەی ئوردنە، دوای بردنەوەی پلەی دووەمی جامی ئاسیا، 17 پلە هاتووەتە پێشەوە و لەسەر ئاستی جیهان پلەی 70ـەمی گرتووە.
لە کیشوەری ئەفریقا، هەڵبژاردەی کۆتدیڤواری پاڵەوانی جامی ئەفریقا 10 پلە و نەیجیریای دووەمی پاڵەوانێتییەکە 14 پلە سەرکەوتوون.
نەیجیریا لە پلەی 28ـی باشترین هەڵبژاردەکانی جیهانە و کۆتدیڤوار پلەی 39ـەمی گرتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ