ئەمڕۆ چامپیۆنزلیگ دوو یاریی بەهێز بەخۆیەوە دەبینێت

 
رووداو دیجیتاڵ

رکابەرییەکانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا بەردەوامدەبن، ئەمڕۆ یانەی ئیتیحاد بەبێ کەریم بنزیما لە دەرەوەی یاریگەی خۆی یاریی دەکات و هیلالیش رووبەڕووی سپاهانی ئێرانی دەبێتەوە.
 
لە یاریی چوونی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگی ئاسیا، کاژێر 17:00 یانەی ئیتیحادی سعودی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی ناڤباخۆری ئوزبەکستانی یاریی دەکات بۆ رکابەریکردن لەسەر گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو.
 
ئیتیحاد لەم یارییەدا بەبێ کەریم بنزیما یاریی دەکات، بەهۆی ئەوەی یاریزانەکە درەنگ گەڕاوەتەوە نێو مەشقەکانی تیپەکە و لە رووی جەستەییەوە بۆ یارییەکە ئامادەنییە، بۆیە یاریزانەکە بانگهێشت نەکراوە و لە جەددە ماوە.
 
بەپێی هەواڵی میدیای سعودیە، بنزیما رۆژی یەکشەممەی داهاتوو بۆ یاریی بەرامبەر ریاز لە خولی سعودیە دەگەڕێتەوە نێو یانەی ئیتیحاد و بۆ یارییکردن ئامادەدەبێت.
 
ئەمە یەکەمجارە هەردوو یانەی ئیتیحاد و ناڤباخۆر رووبەڕووی یەکدەبنەوە، یاریی گەڕانەوەی نێوان هەردوو یانە 22ـی ئەم مانگە لە سعودیە رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
 
یانەی هیلالی سعودی لە یاریی چوونی قۆناخی شازدەی چامپیۆنزلیگی ئاسیا بەرامبەر یانەی سپاهانی ئێرانی یاریی دەکات.
 
ئەمڕۆ ئێوارە کاژێر 19:00 لە ئەسفەهان سپاهان میوانداریی یانەی هیلال دەکات، لە یاریی چوونی قۆناخی شازدەی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا.
 
هیلال پێشتر چوار یاریی بەرامبەر یانە ئێرانییەکە کردووە و دوو جار لەو یانەیەی بردووەتەوە و تەنیا جارێک دۆڕاوە.
 
لەم وەرزەی چامپیۆنزلیگی ئاسیادا، ئەمە جاری دووەمە سپاهان بەرامبەر یانەیەکی سعودیە یاریی دەکات، لەکاتێکدا لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا بەرامبەر ئیتیحاد یارییکردووە.
 
ئەم یارییە لەکاتێکدا لە ئەسفەهان دەکرێت، رۆژی 2ـی10ـی ساڵی رابردوو بەهۆی دانانی پەیکەری قاسم سولەیمانی لەنێو یاریگە، یانەی ئیتیحادی سعودی ئامادەنەبوو لە یاریگەی سپاهان یاریی بکات و ئەو یارییە 3-0 لە بەرژەوەندیی ئیتیحاد هەژمارکرا.