ڤیدیۆ؛ کۆرییەکان کلینسمانیان ناوێت

رووداو دیجیتاڵ

هاندەرانی تووڕەی تۆپی پێ لە کۆریای باشوور، لەژێر بارانێکی بەخوڕدا خۆپێشاندانیان کرد و داوای دەستلەکارکێشانەوەی یۆرگن کلینسمانی راهێنەر و چنگ مۆنگ گیوی سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی کۆریایان کرد، وەک ناڕەزایەتی دەربڕینێک دژی ئەو ئاستە خراپەی هەڵبژاردەی نیشتمانی لە جامی ئاسیادا پێشکێشی کرد.
 
ئەمە لە کاتێکدا بوو کە یەکێتیی تۆپی پێی کۆریای باشوور لە کۆبوونەوەدا بوون بۆ دیاریکردنی چارەنووسی کلینسمان، کە دوای وەرگرتنی بەرپرسیارێتی تیپەکە بردنەوەی جامی ئاسیای کردبوو ئامانجی یەکەمی، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو.
 
کلینسمان لە رێگەی ڤیدیۆوە لە ماڵەکەی خۆی لە ئەمریکاوە بەشداری کۆبوونەوەکەی کرد و بڕیارە دواتر یەکێتیی تۆپی پێی کۆریا لەبارەی ئەنجامەکانی ئەو کۆبوونەوەیە بۆ میدیاکان قسە دەکات.
 
کۆریای باشوور لە قۆناخی پێش کۆتایی جامی ئاسیادا بەرامبەر ئوردن دۆڕا و 24 کاژێری بەر لە یارییەکە شەڕ لە نێوان سۆن هیونگ مینی کاپتنی کۆریا و ئەستێرەی تۆتێنهام و لی کانگ ئینی یاریزانی یانەی پاریس سانجێرمان روویدا و پەنجەیەکی سۆن لەجێیچوو.
 
یەکێتیی تۆپی پێی کۆریای باشوور راپۆرتێکی رۆژنامەی زە سەنی بەریتانی پشتڕاستکردەوە کە باس لەوە دەکات سۆن لە کاتی شەڕی لی و هاوڕێکانی دیکەیدا پەنجەی بریندار بووە.
 
دەگوترێت ناکۆکییەکە دوای نانخواردنی ئێوارەی تیپەکە دەستیپێکردووە کاتێک یاریزانەکانی دیکە لەگەڵ لی کانگ رۆیشتوون بۆ ئەنجامدانی یاریی تێنسی سەرمێز لەبری ئەوەی پێش یارییەکەی ئوردن پەیوەندی نێوان تیپەکە دروست بکەن وەک ئەوەی سۆن ویستویەتی.
 
لی لە رێگەی سۆشیال میدیاوە داوایلێبوردن لە هاندەرانی کۆریای کرد بەهۆی رۆڵی لە شەڕەکەدا و گوتی "ببوورن کە وێنەیەکی خراپم پیشانداوە".