رووداو دیجیتاڵ
یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی بەهۆی ئەو دۆخە خراپەی پێیدا تێدەپەڕێت، رۆژانە هەواڵی جیاواز لەبارەی یانەکەوە بڵاودەکرێنەوە و ئەگەری هەیە یانەکە دەستبەرداری ئەستێرەیەکی ببێت.
داهاتووی ئەستێرەیەکی لاو
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی نزیک لە بارسێلۆنا دەڵێت "کارگێڕیی یانەکە پێشوازی لە بیرۆکەی فرۆشتنی ئەلیخاندرۆ بالدی، بەرگریکاری باڵی چەپی یانەکەی دەکاتەوە، ئەگەر دەستەوارەیەکی گونجاوی لە رووی داراییەوە پێشکێشبکرێت."
سەرچاوەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، ئەم بیرۆکەیە لەسەر ئەوە دەوەستێت کە ئایا یاریزانەکە خۆی ئامادەیە لە یانەکە بڕوات یان نا.
رۆژنامەی مۆندۆ دەڵێت "یاریزانە 20 ساڵەکە گرێبەستەکەی لەگەڵ بارسێلۆنا تاوەکو هاوینی 2028ـە و مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی 1 ملیار یۆرۆیە.
جگە لەو یاریزانە یانە کەتەلۆنییەکە دەیەوێت لە گواستنەوەی هاوینی داهاتوودا دەستبەرداری مارکۆس ئەڵۆنسۆ بەرگریکاری ئیسپانی ببێت.
بارسێلۆنا ژمارەی تەلەفۆنەکەمی نییە
لەلایەکی دیکەوە ماوەیەکی زۆرە ناوی یاریزانێکی هێڵی ناوەڕاستی یانەی جیرۆنا بە یانەی بارسێلۆنا بەستراوەتەوە، بەڵام یاریزانەکە دەڵێت "بارسێلۆنا ژمارەکەمی نییە."
یاریزانەکە ئالێکس گارسیا، یاریزانی تەمەن 26 ساڵی یانەی جیرۆنایە، لە گواستنەوەی زستانی رابردوودا بارسێلۆنا هەوڵی گواستنەوەی دەدا، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو.
یاریزانەکە لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی سپۆرت دەڵێت " پێموانییە کارگێڕیی بارسێلۆنا ژمارەی تەلەفۆنەکەمی هەبێت تاوەکو پەیوەندیم پێوە بکەن، کاتێک باش یاریی دەکەیت بە دڵنیاییەوە سەرنجی زۆرت لەسەر دەبێت."
گارسیا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت "لە کۆتایی وەرزدا گفتوگۆ لەبارەی هەموو دەستەوارەکانەوە دەکەم."
وردەکاری کۆبوونەوەی بەڕێوەبەری کارەکانی ئاراوخۆ و بارسێلۆنا
رۆژی چوارشەممە، بەڕێوەبەری کارەکانی رۆناڵد ئاراوخۆ، بەرگریکاری ئۆرۆگوایی و یانەی بارسێلۆنا لە ئیسپانیا بوو و لەگەڵ کارگێڕیی یانەکە کۆبووەتەوە.
بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، سەردانی بەڕێوەبەری ئاراوخۆ پێشتر رێکخرابوو، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی نوێکردنەوەی گرێبەستی یاریزانەکە کراوە، لەکاتێکدا لەلایەن یانە گەورەکانەوە گرنگی پێدەدرێت، بەتایبەت بایرن میونشن.
رۆژنامەی سپۆرت دەڵێت "گفتوگۆکان دۆستانە بوون، هەردوولا بۆچوونەکانیان گۆڕیووەتەوە لەبارەی داهاتووی یاریزانەکەوە و گفتوگۆکان بەردەوام دەبن و چاوەڕواندەکرێت هەفتەی داهاتوو جارێکی دیکە کۆببنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ