ریال مەدرید بەبێ ڤینیسیۆس دەیەوێت جیاوازییەکەی لەگەڵ بارسێلۆنا کەمبکاتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدرید یەکەم یاریی دوای بردنەوەی نازناوی مۆندیالی یانەکان ئەنجامدەدات و بەرامبەر یانەی ئێلچی یارییدەکات.
 
یارییەکە لە رکابەرییەکانی گەڕی 21ـی لالیگا دواخراوە، بەهۆی بەشداریکردنی ریال مەدرید لە جامی جیهانی یانەکاندا، کە نازناوەکەی بردەوە و لە مەغریبەوە وەک پاڵەوان گەڕایەوە مەدرید.
 
کارلۆ ئەنچێلۆتی و تیپەکە رۆژی سێشەممە دوایین مەشقەکانیان بۆ یارییەکە ئەنجامدا و ئەمشەو لە یاریگەی خۆیاندا چاویان لە بردنەوەیەکی دیکەیە، بۆ ئەوەی جیاوازییەکەیان لەگەڵ بارسێلۆنای یەکەم بۆ 5 خاڵ کەمبکاتەوە کە ئێستا 8 خاڵ لە یانەکەوە دوورە.
 
ریال مەدرید لە پلەی دووەمی ریزبەندی خولەکەیە و ئێلچی لە 20 یارییدا تەنیا یەک یاریی بردووەتەوە و تەنیا 9 خاڵی هەیە و لە پلەی کۆتایی ریزبەندە.
 
رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی نووسیوویەتی " لە چاوەڕوانی بنزیمادا."
 
کەریم بنزیما لە خولی ئیسپانیادا، لە لالیگا و لە یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بەرامبەر ئێلچی تەنیا یەک گۆڵی کردووە، هاندەرانی یانەی شاهانە چاویان لە هێرشبەرە فەرەنسییەکەیە بۆ ئەوەی ئەمشەو سەرکردایەتی تیپەکە بکات.
 
لە یارییەکەی ئەمشەودا بەهۆی وەرگرتنی 5 کارتی زەردەوە، ڤینیسیۆس جونیۆر بەشداری لە یارییەکەدا ناکات و بەپێی پێشبینییەکان رۆدریگۆ گۆس لە شوێنی یاریی دەکات.