هەولێر بەرامبەر سەرهەنگ موحسین یارییدەکات و دەیەوێت درێژە بەبردنەوەکانی بدات

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی هەولێر بە ئامانجی تۆمارکردنی بردنەوەیەکی دیکە و بەدەستهێنانی سێ خاڵی دیکە، لە بەردەم ئەرکێکی قورسدا دەبێت، کاتێک بەرامبەر یانەی ئەمانە بەغدا یارییدەکات.
 
کاژێر 13:30 لە رکابەرییەکانی گەڕی 21ـی خولی عێراقدا، یانەی ئەمانە بەغدا میوانداریی یانەی هەولێر دەکات، یانەکەی پایتەختی عێراق بە بارودۆخێکی دارایی خراپدا تێدەپەڕێت و تیپەکەی پایتەختی کوردستانیش بەرەوپێشچوونی زۆری لە رووی ئەنجامەوە بەخۆیەوە بینیوە و چاوی لە هەونگای زیاترە.
 
هەولێر لە 6 یاریی رابردوودا هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە و لەو کاتەوەی نزار مەحروس بووەتە راهێنەری یانەکە، 5 بردنەوە و یەکسانبوونێکی هەیە و لە یاریی رابردووشدا لە دەستپێکی قۆناخی دووەمی خولەکە بە 3-0 لە یانەی مینای شاری بەسڕەی بردەوە.
 
بەر لە یارییەکە دڵشاد ئەحمەد، یاریدەدەری راهێنەری یانەی هەولێر بە رۆژنامەڤانانی گوت " بەبردنەوەیەکی باش قۆناخی دووەممان دەستپێکرد، ئەم قۆناخە هیچ هەلێک بۆ قەرەبووکردنەوە، بۆیە ئێمە بە هەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ یارییەکان دەکەین و بۆ ئێمە هیچ جیاوازییەک نییە و هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە دەکەین کە توانای ئێمە چەندە و توانای رکابەرەکانیشمان چەندە."
 
لەلایەکی دیکەوە شێرکۆ کەریم، ئەستێرەی یانەی هەولێر دەڵێت " بەدڵنیاییەوە لە قۆناخی دووەمدا هەولێر بەرەو باشبوون دەچێت، لەکاتی وەستانی خولەکەدا، ستافی نوێی یانەکە توانیان زۆربەی کێشەکان چارەسەربکەن، یاریزانی نوێ هاتوون و یانەکە بەرەو باشبوون دەچێت و هیوامان وایە بتوانین لە یارییەکانی داهاتوودا ئاستێکی باشتر نیشانبدەین."
 
یارییەکەی ئەمڕۆ بۆ یاریزانانی هەولێر تایبەت دەبێت، لەکاتێکدا کار بۆ هەژاندنی تۆڕی هاوڕێیەکی پێشوویان دەکەن، کە سەرهەنگ موحسین، ئەستێرەی پێشووی یانەکە و ئێستای یانەی ئەمانەیە.
 
سەرهەنگ موحسین بەر لە یارییەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت " یارییەكە ھەمان گرنگی یارییەكانی دیکەی خولەكەی ھەیە، وەلێ ئەوەی دڵخۆشم دەكات، ئەوەیە یارییەكەمان لەگەڵ یانەی پێشووم دەبێت، شاندەكەش دەبنە میوانی ماڵی ئێستام، كە یاریگەی یانەی ئەمانە بەغدایە و لەنزیكەوە دەیانبینم." 
 
گۆڵپارێزە کوردەکەی یانەی ئەمانە زیاتر گوتی " ئەگەرچی وەكو ئەمانە بەغدا، ئەم وەرزە لەكێشەیەكی گەورەی داراییداین و ئەوە حەوت مانگە تەنیا یەك موچە بە یاریزانەكان دراوە و بەھۆیەوە ئەنجامەكان وەك پێویست نین، بەڵام لەھەوڵی خۆمان بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی وەك وەرزی رابردوو، لە حەوت تیپەكەی پێشەوەی ریزبەندی خولەکە بین."
 
بەر لە یارییەکەی ئەمڕۆ هەولێر لە پلەی یازدەیەمی خولەکەیە بە کۆکردنەوەی 24 خاڵ و یانەی ئەمانە بەغدا لە پلەی شازدەیەمە بە 19 خاڵ.