کارلۆ ئەنچیلۆتی: ئامادەین بۆ بردنەوە لە پاریس سانجێرمان

رووداو دیجیتاڵ

کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید، ئامادەباشیی یاریزانەکانی بۆ ئەنجامدانی یارییەکی باش بەرامبەر پاریس سانجێرمان دووپاتکردەوە و گوتی "ئێمە ئامادەین بۆ بردنەوە لە یەکێک لە بەربژێرە سەرەکییەکانی نازناوەکە".
 
ئەمشەو کاژێر 23:00 بە کاتی باشووری کوردستان، یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگدا، لەسەر یاریگەی باخچەی شازادەکان لە پاریس میوانداری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی دەکات.
 
کارلۆ ئەنچیلۆتی، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و بە متمانەوە گوتی "ئێمە بۆ ئەم یارییە متمانەمان بەخۆمانە، ئەم یارییە وەک ئەوەیە بڵێیت یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکەیە، ئێمە ئامادەین بۆ بردنەوە لە یەکێک لە بەربژێرە سەرەکییەکانی نازناوەکە".
 
راهێنەری یانەی ریال مەدرید، زیاتر باسی ئەو رووبەڕووبوونەوەی کرد و گوتی "تاکە گوشار لەسەر ئێمە ئەوەیە کە رووبەڕووی تیپێکی گەورەی وەک پاریس سانجێرمان دەبینەوە، هەرچەندە پێموایە ئەوە زیاتر هاندەرە نەک گوشار، هەموو یاریزانەکانمان هاندەرێکی گەورەیان هەیە بۆ ئەم یارییە".
 
کارلیتۆ، لە بەشێکی لێدوانەکەیدا رووی قسەکانی کردە یاریزانەکانی و گوتی "پێویستە یارییەکی تەواو لە هەموو روویێکەوە ئەنجام بدەین، هەردوو تیپ هەوڵ دەدەن گۆڵ بکەن کاتێک تۆپ لە کۆنترۆلی خۆیاندا دەبێت، بەتایبەتیش لە کاتی هێرشە هەڵگەڕاوەکاندا، تۆپی پێی ئێمە زۆر بە هی ئەوان دەچێت".
 
کاتێک سەبارەت بە گاریس بەیڵ؟ پرسیاریان لێکرد، راهێنەرە ئیتاڵییەکەی یانەی شاهانە، گوتی "من زۆر قسەی لەگەڵ دەکەم، هەوڵدەدەم گوێ لە کێشەکانیشی بگرم، بەڕاستی پەیوەندییەکانمان باشە، ئەو یاریزانێکی جدی و پیشەگەرە، بەداخەوە کە پێکان ناهێڵێت ئەو زۆر یاری بکات، ئەو ئێستا باشە و شایەنی باشترە".