پێپ گواردیۆلا: لیشبۆنە رکابەرێکی بەهێزە

رووداو دیجیتاڵ

پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی، رێگە بەوە نادات یاریزانەکانی بەرامبەر سپۆرتینگ لیشبنە هیچ کەمتەرخەمییەک بکەن و دەڵێت "هەموو یارییەکان بۆ ئێمە گرنگن".
 
ئەمشەو کاژێر 23:00 بە کاتی باشووری کوردستان، یانەی مانچێستەر سیتیی ئینگلیزی لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگدا دەبێتە میوانی یانەی سپۆرتینگ لیشبۆنەی پۆرتوگالی.
 
پێپ گواردیۆلا، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا، قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و سەرەتا دووپاتیکردەوە کە ئەوان وەک هەر یارییەکی دیکە مامەڵە لەگەڵ ئەم یارییە دەکەن، چونکە هەموو یارییەکان بۆ ئەوان وەکیەک گرنگن.
 
پێپ گوتی "شانازییە کە ئێمە هاتووینەتە پۆرتوگاڵ بۆ ئەوەی سەرکەوتن بەدەستبێنین، ئارەزووی ئێمە بۆ بردنەوە یان دۆڕان بەدەست یاریزانانەوەیە". 
 
راهێنەرە ئیسپانییەکەی یانە ئینگلیزییەکە، ستایشی یانە رکابەرەکەی کرد و گوتی "پۆرتوگال خولێکی بەهێزی هەیە، ئەوەی لە سپۆرتینگم بینیوە ئەوەیە کە تیپێکە بە کۆمەڵ یاری دەکەن، پەیوەندییەکی باشیش لەنێوان راهێنەر و یاریزانەکانیدا هەیە، تیپێکی بەهێزە لە رووی توانای جەستەییەوە، کۆمەڵێک یاریزانی خێرای هەیە".
 
هەروەها گوتیشی "سپۆرتینگ ساڵی رابردوو نازناوی خولی وڵاتەکەی بەدەستهێناوە و بەسەر پۆرتۆ و بێنفیکادا سەرکەوتووە، ئەمەش لەبەرئەوە بووە کە تیپێکی باشە".
 
گواردیۆلا لە بەردەوامی قسەکانیدا سەبارەت بە رکابەرەکەیان، گوتی "سپۆرتینگ لەم وەرزەی جامپیۆنزلیگدا لە کۆمەڵەیەکدا بلیتی سەرکەوتنی بەدەستهێناوە کە ئایاکس و بۆرووسیا دۆرتموندی تێدابوو، کە دوو تیپی خاوەن ئەزموونن و بەردەوام بەشداری لە چامپیۆنزلیگدا دەکەن".
 
سەبارەت بە جاک گریلیش، پرسیاریان لە پێپ کرد؟ ئەویش لە وەڵامدا گوتی "ئەو ناتوانێت بەشداری لەم یارییەدا بکات، ئەو باشترە، بەڵام بۆ ئەم یارییە ئامادە نییە، هەروەها گابریێل خیسۆسیش یاری ناکات".