پێپ گواردیۆلا: یاریزانێکی وەک مێسی و رۆناڵدۆم نییە

15-02-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن پێپ گواردیۆلا لیۆنێل مێسی كریستیانۆ رۆناڵدۆ
A+ A-

رووداو دیجیتال

پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی رایگەیاند، یاریزانەکانی شایەنی متمانە و ستاییشکردنن بۆ ئەو کارەی بەشێوەی بەکۆمەڵ دەیکەن و گوتی "هەر ئەمەش وایکردووە ئێستا لە پێشەنگیی ریزبەندیی پرێمەرلیگدا بن".

یانەی مانچێستەر سیتی به کۆکردنەوەی 53 خاڵ پێشەنگی پرێمەرلیگی گرتووە، سەرەڕای ئەوەی یارییەکی دواخراویشی لەگەڵ ئێڤێرتۆن ماوە.

پێپ گواردیۆلا، لە لێدوانێکی نوێدا بۆ میدیای ئینگلیزی، گوتی "ئێمە بەکۆمەڵ یارییەکانمان دەبەینەوە، یاریزانێکمان نییە بەتەنیا یارییەکان یەکلاییبکاتەوە، ئێمە یاریزانێکی وەک مێسی، رۆناڵدۆ، نەیمار و ئێمباپێمان نییە".

راهێنەرە ئیسپانییەکەی یانە ئینگلیزییەکە، لە بەردەوامی لێدوانەکەیدا گوتیشی "ئێمە دەبێت وەک تیپ ئەو کارە بکەین، راستگۆ دەبم، حەزدەکەم یاریزانێکمان هەبێت لە هەموو یارییەکدا چوار گۆڵ تۆماربکات و وەک ئەو یاریزانانە رابکات، ئەوەم دەوێت".

گواردیۆلا ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە هیچ یاریزانێکی ناگۆڕێت، کە ئێستا لەم وەرزەدا یاری بۆ تیپەکەی دەکەن و گوتی "چەندینجار گوشارم لەسەر کاپتنەکەمان فێرناندینیۆ دروستکردووە، چونکە دەتوانێت بەو شێوەیە هاوکاریمان بکات، بەتایبەت لە ساتە ناخۆش و سەختەکاندا".

پێپ لە درێژەی قسەکانیدا، روونیکردەوە "یانە گەورەکان و یاریزانانی گەورە لە ساتە سەخت و ناخۆشەکاندا ئەوە دەکەن، لە ساتە خۆشەکاندا ئاسانە بۆ هەموو یاریزانێک یاری بکات، لەم وەرزەدا چەند ساتێکی ناخۆشمان هەبوو، ساتێک ئێمە لە پلەی 12ـی ریزبەندیی بووین، 5 خاڵ لە تۆتێنهامی پێشەنگیی ئەوکات دووربووین، یارییەکەشمان پێدۆڕاندن و جیاوازییەکە بووە 8 خاڵ، کەچی ئێستا بە 17 خاڵ لەپێش ئەوانین!".

لە کۆتاییشدا گواردیۆلا، گوتی "ئەمە واتا تەبایی، چۆن ئەم دۆخمان گۆڕی، ئەمە مانای زۆر دەگەینێت، لەوانەیە بەس نەبێت بۆ بردنەوەی نازناوەکە، بەڵام ئەوەی لەم چەند مانگەی دواییدا چێژمان لێبینی هی خۆمانە و تایبەت بە خۆمانە".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە