هەواڵێکی خۆشتر لە بردنەوەی کلاسیکۆ گەیشتە هاندەرانی بارسێلۆنا

رووداو دیجیتاڵ

 

بارسێلۆنا دوای بردنەوە مێژووییەکەی لە ریال مەدرید بەئەنجامی 5-2 لە یاریی کۆتایی سوپەر کلاسیکۆدا، هەنگاوێکی دیکەی گرنگی نا و توانی کاپتنەکەی رازی بکات لە یانەکە بمینێتەوە.
 
میدیای ئیسپانیا دووپاتی دەکاتەوە کە بارسێلۆنا و رۆناڵد ئاراوخۆی بەرگریکاری ئۆرۆگوایی رێککەوتوون لەسەر مانەوەی یاریزانەکە لە بارسێلۆنا.
 
بەر لە چەند رۆژێک هەموو هەواڵەکان ئاماژەیان بۆ ئەوە دەکرد کە ئاراوخۆ بڕیاری داوە لە بارسا بڕوات و تەنانەت یانەی یوڤێنتوسی ئیتاڵی لەسەرهێڵ بوو بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانە، بەڵام وادیارە کارگێڕیی بلاوگرانا توانیویەتی هەموو دۆخەکە پێچەوانە بکاتەوە.
 
ئەو سەرچاوانە باس لەوە دەکەن کە قەیرانەکە کۆتاییهاتووە و ئاراوخۆ ئیدی لە بارسێلۆنا دەمێنێتەوە و بەم نزیکانە گرێبەستەکەی نوێ دەکاتەوە.
 
ماوەیەکی زۆر ئاراوخۆ بەهۆی پێکانەوە لە یاریگاکان دوورکەوتبووەوە و دوای گەڕانەوە باس لەوە دەکرا کە ئەو ئاسوودە نییە لەگەڵ یانەکە و دەیەوێت بڕوات.
 
جيرارد رۆميۆ، راگەیاندنکاری کەتەلۆنی، رایگەیاند "ئاراوخۆ لە بارسێلۆنا بەردەوام دەبێت، دوای ئەوەی شەوی رابردوو لەگەڵ دیکۆی بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەی بارسێلۆنا کۆبووەوە، گەیشتە ئەو بڕوایەی کە پێویستە لە بارسا بمێنێتەوە".
 
یەکێک لە رۆژنامەکانی ئیسپانیا، نووسیویەتی "ئاراوخۆ بڕیاری داوە بەقسەی دڵی بکات".
 
تەنانەت تۆنی خوانمارتی، نووسیویەتی "ئاراوخۆ بۆ ساڵانێکی زۆر لە بارسێلۆنا دەمێنێتەوە و ئێستا کاردەکرێت بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی، دیکۆ حەزدەکات بمێنێتەوە و دەیەوێت بەزووترین کات گرێبەستەکەی نوێ بکاتەوە".
 
رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی، دەڵێت "دوای دڵنیابوون لە مانەوەی ئاراوخۆ، بارسێلۆنا کاردەکات بۆ فرۆشتنی یەکێک لە هەردوو بەرگریکارەکەی، ئێریک گارسیا یان ئاندریاس کریستینسن".