دوای نەورۆز و دهۆک، ئەمڕۆ هەولێر و زاخۆ چاویان لە بردنەوەیە

 
رووداو دیجیتاڵ

دوای بردنەوەی دهۆک لە جەوییە و یەکسانبوونی شورتە بەرامبەر یانەی نەفتی میسان، یانەی زاخۆ لەبەردەم هەلێکی گەورەدایە بۆ ئەوەی ژمارەی خاڵەکانی لەگەڵ یانەی جەوییەی پێشەنگی ریزبەندی خولی عێراق یەکسانبکاتەوە.
 
زاخۆ لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا، بەرامبەر یانەی کارەبا یاری دەکات و دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات لە رکابەرییەکانی خولەکەدا.
 
یانەی زاخۆ، رۆژی سێشەممە دوایین یەکەی مەشق و راهێنانی دوور لە چاوی میدیاکان ئەنجامدا و تیپەکەی تەڵاڵ بلووشی بۆ یارییەکەی ئەمڕۆ بەتەواوی ئامادەیە و هاندەران چاوەڕێی بردنەوەیەکی دیکە لە یانەکەیان دەکەن.
 
زاخۆ لە دوایین 7 یارییدا 5 سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، دواینجاریش بەرامبەر کارەبا یارییکردبێت لەنێو بەغدا لەو یانەیەی بردووەتەوە و ئەمڕۆ بۆ بردنەوەیەکی دیکە دەیەوێت سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت.
 
یانەی زاخۆ ئێستا لە پلەی سێیەمی ریزبەندی خولی عێراقە و خاوەنی 25 خاڵە، بردنەوەی یارییەکەی ئەمڕۆ تیپەکە دەکاتەوە پێشەنگی خولی عێراق و ژمارەی خاڵەکانی لەگەڵ جەوییە یەکساندەکاتەوە، یانەی کارەبا لەم وەرزەدا تەنیا سێ یاریی بردووەتەوە و ئێستا لە پلەی چواردەیەمی ریزبەندی خولەکەیە.

 
بە ئامانجی قەرەبووکردنەوەی دۆڕانی یارییەکەی رابردوو، یانەی هەولێر جارێکی دیکە چووەتەوە بەغدا و ئەمڕۆ بەرامبەر تەڵەبە یاری دەکات.
 
لە درێژەی یارییەکانی گەڕی 14ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق، هەولێر لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر تەڵەبە یاری دەکات و یارییەکە لە بە‌غدا بەڕێوەدەچێت.
 
یانەی هەولێر دوێنێ دوایین مەشقەکانی خۆی لە هەولێر ئەنجامدا و بەرەو بەغدا بەڕێکەوت بۆ ئەنجامدانی ئەم یارییە.
 
هەولێر لە دوو یاریی رابردوودا نەیبردووەتەوە، بەرامبەر شورتە دۆڕا و دوای ئەوەش لەگەڵ گەرمە یەکسانبوو، ئەمڕۆ تیپەکە چاوی لە قەرەبووکردنەوەی ئەنجامی ئەو دوو یارییەیە.
 
هەولێر لە دوایین 5 یارییدا بەرامبەر تەڵەبە هیچ بردنەوەیەکی نییە و دوایین بردنەوەی بەرامبەر ئەو یانەیە لە 2021 بووە لە یاریگەی خۆیدا.
 
بەر لە یارییەکەی ئەمڕۆ، یانەی تەڵەبە لە پلەی حەوتەمی ریزبەندی خولەکەیە بە 21 خاڵ و هەولێر لە پلەی دەیەمە بە کۆکردنەوەی 19 خاڵ.