رووداو دیجیتاڵ
ئەنجامە خراپەکانی یانەی بۆرووسیا دۆرتموند بەردەوامن و لە یارییەکی تەمومژاویدا یانەکە بەرامبەر هۆڵشتاین کیلی خاوەنی پلەی پێشکۆتایی ریزبەندی بوندێسلیگا دۆڕا.
سەرەتا لە خولەکی 27 شوتۆ ماچینۆ گۆڵی پێشکەوتنی بۆ خاوەن یاریگە تۆمارکرد، دوای پێنج خولەک فیل هاریس تیپەکەی کردە خاوەنی دوو گۆڵ.
بەر لە کۆتاییهاتنی نیوەی یەکەم ئەلیکساندەر بێرندهاردسۆن گۆڵی سێیەمی تۆمارکرد و هاندەرانی دۆرتموندی بەتەواوی بێهیوا کرد.
لە نیوەی دووەمدا، دۆرتموند هەندێک باشتر لە نیوەی یەکەم یارییکرد، لە خولەکی 71 جیۆڤانی رەینا گۆڵێکی تۆمارکرد و ئەنجامەکەی کەمکردەوە.
خولەکی 77 جەیمی گیتێنس گۆڵێکی دیکەی تۆمارکرد و جیاوازییەکە بووە تەنیا یەک گۆڵ.
لە دوایین خولەکی یارییەکەدا گۆڵپارێزی دۆرتموند بۆ ئەوەی هاوکاری یاریزانەکانیان بکات لە گۆڵەکەی هاتە دەرەوە، بەڵام یان فیت ئارپ لە دوورییەکی زۆرەوە گۆڵی چوارەمی لێکرد و هۆڵشتاین کیل یارییەکەی بە چوار گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ بردەوە.
بەم دۆرانە دۆرتموند زیاتر کەوتە دۆخێکی خراپ و ئەگەری هەیە نوری شاهین، راهێنەری یانەکە لە کارەکەی دووربخرێتەوە.
یانەی بایرلیڤەرکوزن بەشێوەیەکی کاتی ژمارەی خاڵەکانی لەگەڵ بایرن میونشن بۆ تەنیا یەک خاڵ کەمکردەوە، دوای ئەوەی سەرکەوتنێکی زەحمەتی بەرامبەر یانەی ماینز بەدەستهێنا.
لە رکابەرییەکانی گەڕی 17ـی بوندێسلیگادا، یانەی بایرلیڤەرکوزن لەنێو یاریگە و هاندەرانی بەرامبەر یانەی ماینز یارییکرد، هەر زوو خاوەن یاریگە گۆشارەکانی بۆ سەر گۆڵی میوانەکەی دەستپێکرد، بەڵام سوودی لەو هەلانە وەرنەگرت کە بۆی هەڵکەوتن و نیوەی یەکەمی یارییەکە لەنێو هێرشەکانی بایرلیڤەرکوزندا بەبێ گۆڵ تەواو بوو.
لە سەرەتای نیوەی دووەمدا و لە خولەکی 48 ئەلیخاندرۆ گریمالدۆ بەلێدانێکی راستەوخۆ، گۆڵێکی جوانی تۆمارکرد و لیڤەرکوزنی پێشخست.
تیپەکەی ئەڵۆنسۆ تاوەکو کۆتایی بەرگریی لە پێشکەوتنەکەی کرد و یارییەکەی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بردەوە.
ئەمە یازدەیەم بردنەوەی بایرلیڤەرکوزنە لەم وەرزەدا و ئێستا یانەکە لە پلەی دووەمی ریزبەندی بوندێسلیگایە بە کۆکردنەوەی 38 خاڵ و تەنیا خاڵێک لە بایرن میونشنەوە دوورە، بەڵام بایرن ئەمشەو یارییەکەی ئەنجامدەدات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ