ئامەدسپۆر سکاڵای لە دژی سەرۆکی پارتی زافەر تۆمار... | رووداو.نێت

ئامەدسپۆر سکاڵای لە دژی سەرۆکی پارتی زافەر تۆمار کرد

15-01-2025
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئامەدسپۆر دوای بردنەوەی لە یانەی ئەنقەرەگوجو سکاڵای لە دژی ئومیت ئوزداغ، سەرۆکی پارتی زافەر تۆمار کرد بەوەی "سووکایەتیی بە هاندەرانی کردووە."
 
کارگێڕیی ئامەدسپۆر پاشنیوەڕۆی سێشەممە 14-01-2025 لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، هەنگاوی پێویستیان سەبارەت بەو قسانە ناوە کە ئومیت ئۆزداغ، سەرۆکی پارتی زافەر لە ئینستاگرام و ئێکس بڵاویکردوونەتەوە.
 
لە راگەیێندراوەکەی ئامەدسپۆردا هاتووە، "ئەو بڵاوکراوانەی سەرۆکی پارتی زافەر هەوڵێکە بۆ تێکدانی ئاشتەوایی نێوان خەڵک و بەشێکی کۆمەڵگە لە دژی بەشێکی دیکە بۆ دووژمنداری، رق و کینە هاندەدات. هەربۆیە بە رای گشتیی رادەگەیێنین، مافی یاسایی خۆمان بەکاردەهێنین و سکاڵامان تۆمار کردووە."
 
ئومیت ئۆزداغ، سەرۆکی پارتی زافەر لەدوای یاریی ئەم هەفتەیەی نێوان ئامەدسپۆر و ئەنقەرەگوجو کە لە ئامەد بەڕێوەچوو و ئامەدسپۆر بە گۆڵێکی بێ وەڵام بردییەوە، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی هێرشی کردە سەر ئەو یانەیە.
 
ئۆزداغ دەستەواژەی "جوداخواز، بێشەرەف و خائینی نیشتمان"ی بۆ هاندەرانی ئامەدسپۆر بەکارهێنا و بە پێویستی زانی یانەی ئامەدسپۆر هەڵبوەشێندرێتەوە.
 
سەرۆکی پارتی زافەر باسی لەوە کرد، گوایە لەکاتی خوێندنەوەی مارشی نیشتمانیی تورکیا بەر لە یارییەکە، هاندەرانی ئامەدسپۆر فیکەیان لێداوە.
 
ئەمە لە کاتێکدایە، دوای ئەو گوتانەی ئومیت ئۆزداغ، دەیان گرتەی ڤیدیۆیی جۆراوجۆر بڵاوکرانەوە کە لەکاتی مارشی نیشتمانیی تورکیادا بێدەنگییەکی تەواو لە یاریگەدا هەیە.
 
بەشێک لە وەرزشوانان دەڵێن، ئومیت ئۆزداغ کەوتووەتە هەڵەوە و سەیری ڤیدیۆیەکی دەستکاریکراوی کردووە کە دەنگی فیکە بە شێوەیەکی دەستکرد لەکاتی مارشی نیشتمانیدا دانراوە. سەرەڕای ئەمەش ئومیت ئۆزداغ هیچ پاشەکشەیەک و داوای لێبووردنێکی نەکردووە.
 
ئۆزداغ، پێشتریش زۆر جار گوتوویەتی یانەیەک بەناوی ئامەدسپۆر نییە و ئەو دانی پێدا نانێت. هەروەها داوای لە حکومەت کردووە ئەو یانەیە دابخات.
 
ئامەدسپۆر، پار لە خولی یانەپلە دووەکانی تورکیا بووە پاڵەوان و ئەم ساڵ لە خولی یانە پلە یەکەکانی ئەو وڵاتەدا یاری دەکات.
 
ئاستی هەنووکەیی ئامەدسپۆر
 
ئامەدسپۆر لە کۆی 19 یاریدا 29 خاڵی کۆکردووەتەوە و لە پلەی پێنجەمی خولی یانە پلە یەکەکانی تورکیایە.
 
یانەی کۆجائەلی سپۆر 41 خاڵی هەیە و پێشەنگە. هەروەها یانەی کاراگومروک و باندرماسپۆر 34 خاڵیان هەیە دووەم و سێیەمن.
 
یانەی ئەرزەڕۆم سپۆریش بە 30 خاڵ لە پلەی چوارەمدایە.
 
لەبارەی ئومیت ئۆزداغ و پارتی زافەر
 
زافەر، پارتێکی نەتەوەپەرستی تورکیایە. رۆژی  26ی ئابی 2021 بە سەرۆکایەتیی ئومیت ئۆزداغ دامەزراوە و ناوەندی سەرەکیی لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیایە. لە پەرلەمانی تورکیادا هیچ کورسییەکی نییە.
 
ئومیت ئۆزداغ، سیاسەتڤان و نووسەری تورک ساڵی 1961 لە تۆکیۆی پایتەختی ژاپۆن لە دایکبووە. لە 2005-2006 و 2010-2016  ئەندامی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) بوو.
 
دوای جیابوونەوەی لە مەهەپە، لە 2017-2021 بووە یاریدەدەری سەرۆکی ئیی پارتی بە سەرۆکایەتیی مەرال ئاکشەنەر. دواتر لە ئیی پارتیش جیابووەوە.
 
ئۆزداغ لە هەڵبژاردنەکانی 2018دا لە بازنەی ئیستەنبووڵ بووە پەرلەمانتار. ساڵی 2021 بووە پەرلەمانتاری سەربەخۆی بازنەی ئیستەنبووڵ.
 
پارتی زافەر لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی 2023'دا ئەگەرچی 2.23%ی دەنگەکانی تورکیای بەدەستهێنا، بەڵام دەنگەکانی پەرش و بڵاوبوون و هیچ کورسییەکی نەبردەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە