راهێنەری هیلال بەراوردی نێوان نەیمار و رۆناڵدۆ دەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
خۆرخێ خیسۆس، راهێنەری یانەی هیلالی سعودی باسی نەیمار دا سیلڤا، ئەستێرەی بەرازیلی و یاریزانی یانەکەی دەکات و بە کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەراوردی دەکات. 
 
نەیمار هاوینی رابردوو بەبڕی 90 ملیۆن یۆرۆ لە یانەی پاریس سانجێرمانەوە پەیوەندی بە یانەی هیلالی سعودییەوە کرد، بەپێی هەواڵەکان ئەو یاریزانە ساڵانە بڕی 150 ملیۆن یۆرۆ وەک مووچە لە یانەی هیلال وەردەگرێت. نەیمار تەنیا پێنج یاری لەگەڵ یانە سعودییەکەدا ئەنجامدا، دوای ئەوە لە مانگی 10ـی ساڵی رابردوو تووشی پچڕانی بەستەرەکانی ئەژنۆی بوو و بەو هۆیەوە ئەم وەرزە بۆ ئەو کۆتاییهات. 
 
خیسۆسی راهێنەری هیلال، لە هەڤپەیڤینێکدا نەیمار بەراورد دەکات بە کریستیانۆ رۆناڵدۆ و دەڵێت "نەیمار یاریزانێکی ناوازەیە و کارکردن لەگەڵی ئاسانە، ئەو کەسێکی شیرین و تێگەیشتووە، بەڵام پێموایە رۆناڵدۆ خۆشەویستی زیاتری بۆ تۆپی پێ هەیە، نەیمار خۆشەویستی زیاتری بۆ شتی دیکە هەیە لە دەرەوەی تۆپی پێ."
 
خیسۆس لەبارەی ئەستێرە بەرازیلییەکە زیاتر دەڵێت "وەک یاریزان، ئەو ناوازەیە و وەک پیاوێک، ئەو بەشێوازێکی ئەرێنی لە هەموو شتێکدا سەرسامی کردووم."
 
یانەی هیلال بە راهێنەرایەتی خۆرخێ خیسۆس بە بارودۆخێکی نایابدا تێپەڕدەبێت، یانەکە لەم وەرزەی خولی سعودیدا تاوەکو ئێستا هیچ شکستێکی نییە و لە 19 یارییدا 17 بردنەوە و دوو یەکسانبوونی هەیە، بە 53 خاڵ پێشەنگی خولەکەی گرتووە.