دوو یاریزانی کوردی هەڵبژاردەی عێراق بۆ رووداو باسی یارییەکەی ئەمڕۆیان دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردەی عێراق، یارییەکانی لە جامی ئاسیادا دەستپێدەکات، کاتێک لە یەکەم یارییدا بەرامبەر هەڵبژاردەی ئیندونیزیا یاریی دەکات.
 
یارییەکە کاژێر 17:30 خولەک لە رکابەرییەکانی گەڕی یەکەمی قۆناخی کۆمەڵەکاندا، لە یاریگەی ئەحمەد بن عەلی بەڕێوەدەچێت، عێراق ماوەیەکی زۆرە خۆی بۆ یارییەکە ئامادەدەکات و دەیەوێت بە ئەنجامێکی باشەوە بچێتە نێو رکابەرییەکانی پاڵەوانێتییەکە.
 
لەبارەی یارییەکەی ئەمڕۆوە، ئوسامە رەشید، ئەستێرەی کوردی هەڵبژاردەی عێراق بۆ رووداو قسەیکرد و گوتی "بەدڵنیاییەوە دەمانەوێت بیبەینەوە، یارییەکە زەحمەتە، بەڵام ئێمە ئامادەین و هیوادارین ئەنجامێکی باشمان هەبێت."
 
ئاکام هاشم، یاریزانی یانەی هەولێر یەکەمجارە بۆ هەڵبژاردەی عێراق بانگهێشدەکرێت و بە رووداوی گوت "شانازییەکی گەورەیە بۆ من کە وەک یاریزانێکی کورد بەشداری لەم پاڵەوانێتییەدا دەکەم، ئێمە خۆمان باش ئامادەکردووە و پشتبەخوا بەرامبەر ئیندونیزیا سێ خاڵی یارییەکە دەبەینەوە."
 
هەڵبژاردەی عێراق مێژوویەکی گەورەی بەرامبەر هەڵبژاردەی ئیندونیزیا هەیە، هەردوو هەڵبژاردە 7 جار بەرامبەر یەکدی یارییانکردووە و عێراق هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، 6 بردنەوە و یەکسانبوونێکی هەیە و دەیەوێت ئەمڕۆش درێژە بەو ئەنجامە باشانەی بدات کە بەرامبەر ئەو هەڵبژاردەیە هەیەتی.

 
ئەحمەد باسل، گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی عێراق لەبارەی یارییەکەوە گوتی "هەمووان دەزانن کە لەم جۆرە پاڵەوانێتییانەدا هەمیشە یاریی یەکەم بۆ هەموو تیپەکان قورسە، بەڵام کلیلی سەرکەوتنیشە بۆ قۆناخی دووەم، هەمووان سوورن لەسەر بەدەستهێنانی ئەنجامێک کە دڵخۆشی بە شەقامی وەرزشیی و هاندەرانی عێراقی ببەخشێت."
 
هەڵبژاردەی عێراق لە پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیالی 2026 لە بەسرە یارییەکی بەرامبەر ئیندونیزیا ئەنجامدا و 5-1 یارییەکەی بردەوە، بەڵام خیسوس کاساس، راهێنەری هەڵبژاردەکە دەڵێت "یارییەکەی ئەمجارە زۆر لەو یارییە جیاوازە کە لە بەسرە ئەنجامماندا و سەرکەوتنمان بەدەستهێنا، بۆیە دەبێت بەباشی بۆ یارییەکە ئامادەبین بۆ ئەوەی بتوانین سەرکەوتن بەدەستهێنین.
 
عێراق لە کۆمەڵەی چوارەمدا یاریی دەکات، رۆژی هەینی داهاتوو دووەم یاریی بەرامبەر ژاپۆن ئەنجامدەدات و دوای ئەوەش رووبەڕووی ڤێتنام دەبێتەوە.