ئەمشەو لە لەندەن خەڵاتەکانی زە بێستی 2023 دابەش دەکرێن

15-01-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن زە بێست بەربژێرەکانی خەڵاتی زە بێست
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

لە کەشوهەوای رۆژێکی تایبەتی تۆپی پێدا، کە هەردوو پاڵەوانێتی جامی نەتەوەکانی ئاسیا و ئەفریقا بەڕێوەدەچن، هاندەرانی تۆپی پێ لە سەرانسەری جیهان لە چاوەڕوانی، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممەن، بۆ بینینی ئاهەنگی خەڵاتکردنی باشترین یاریزانی ساڵی 2023 لەلایەن فیفاوە.
 
ئەمشەو لە لەندەن کاژێر 22:30 بە کاتی باشووری کوردستان، رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی زە بێست بەڕێوەدەچێت، کە زۆر لە ئەستێرەکانی تۆپی پێ کێبڕکێی لەسەری دەکەن.
 
ئەمە سێیەمجار دەبێت کە لەندەن میوانداری ئەم چالاکییە دەکات، دوای ئەوەی لە ساڵانی 2016 و 2017 میوانداری کردووە.
 
لیۆنێل مێسی ئەفسانەی ئەرجەنتینی، کاپتنی یانەی ئینتەرمەیامی ئەمریکی، دوایین کەس بوو کە خەڵاتەکەی لەسەر ئاستی پیاوان بەدەستهێنا، ئەلێکسیا پۆتییاسی خانمە ئەستێرەی یانەی بارسێلۆناش لەسەر ئاستی خانمان بەدەستیهێناوە.
 

خەڵاتی "باشترینەکان".
 
ئەو خەڵاتانەی ئەمشەو دابەش دەکرێن، 9 خەڵاتن، کە ئەمانەن:
 
ــ باشترین یاریزانی پیاو
ــ باشترین خانمە یاریزان
ــ باشترین راهێنەری پیاو
ــ باشترین خانمە راهێنەر
ــ باشترین گۆڵپارێزی پیاو
ــ باشترین خانمە گۆڵپارێز
ــ جوانترین گۆڵی ساڵ
ــ باشترین هاندەر
ــ یاریی خاوێن
 
زە بێستی پیاوان
 
لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئینتەرمەیامی کێبڕکێ لەگەڵ کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی پاریس سانجێرمان و ئێرلینگ هالاندی ئەستێرەی مانچێستەر سیتی دەکات بۆ وەرگرتنی خەڵاتی باشترین یاریزان لە ساڵی 2023.
 

خەڵاتەکانی دیکە
 
بۆ زە بێستی خانمانیش، هەردوو خانمە یاریزانی ئیسپانی ئایتانا بۆنماتی و جێنیفر هێرمۆسۆ، یاریزانانی یانەی بارسێلۆنا، کێبڕکێ لەگەڵ لیندا کایسێدۆی کۆڵۆمبی، یاریزانی تیپی خانمانی یانەی ریال مەدرید دەکەن.
 
هەروەها هەرسێ گۆڵپارێز، یاسین بۆنۆی مەغریبی، تیبۆ کۆرتوای بەلجیکی و ئیدرسۆنی بەرازیلی بەربژێری سەرەکی بردنەوەی خەڵاتی باشترین گۆڵپارێزن.
 
پێپ گواردیۆلای راهێنەری ئیسپانی، لەلایەن هەردوو راهێنەری ئیتاڵی سیمۆنی ئینزاگی و لوچیانۆ سپالێتیییەوە رکابەری دەکرێت لەسەر خەڵاتی باشترین راهێنەری پیاو.
 
مانگی کانوونی دووەمی ساڵی رابردوو فیفا لیستی سێ یاریزانی وەک بەربژێری سەرکی بۆ هەریەک لە خەڵاتەکان راگەیاند.
 
خەڵاتی ساڵانە بەپێی ئاستی بەربژێرەکان لە ماوەی نێوان 19ـی کانوونی دووەمی 2022 تاوەکو 20ـی ئابی 2023 پێشکەش دەکرێت.
 

پێشکێشکارانی رێوڕەسمەکە؟
 
تێری هێنری ئەفسانەی تۆپی پێی فەرەنسا و رێشمین چۆدری خانمە رۆژنامەڤانی بەنێوبانگی بەریتانی، رێوڕەسمەکە بەڕێوەدەبەن. کە رێشمین لە کەناڵەکانی BBC و Bein Sports و Talksport و چەندین کەناڵی دیکەی بەنێوبانگ کاری کردووە.
 
تێری هێنریش یەکێکە لە ئەفسانەکانی تۆپی پێی فەرەنساو لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنسا مۆندیال و یۆرۆی بردووەتەوە و لەگەڵ یانەکانی ئارسیناڵ و بارسێلۆناش هەموو نازناوەکانی بەدەستهێناوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە