لیۆنێل مێسی خەڵاتی زە بێستی بەدەستهێنا

رووداو دیجیتاڵ

لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی یانەی ئینتەرمەیامی، بۆ جاری دووەم لەسەریەک خەڵاتی زە بێستی بۆ باشترین یاریزانی جیهان لە ساڵی 2023 بەدەستهێنا.
 
لە کاتێکدا کە هەمووان پێیانوابوو ئێرلینگ هالاندی یاریزانی نەرویجیی یانەی مانچێستەر سیتی بەربژێری یەکەمە بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتەکە، مێسی دەنگیی یەکەمی بەدەستهێنا و بووە باشترین یاریزانی ساڵ.
 
لیۆنێل مێسی ئەرجەنتینی گرەوەکەی لە ئێرلینگ هالاندی نەرویجی و کیلیان ئێمباپێی فەرەنسی بردەوە، کە هەرسێکیان بەربژێری سەرەکی بردنەوەی خەڵاتەکە بوون.
 
جێگەی سەرنجە هەرسێ بەربژێری سەرەکی خەڵاتەکە ئامادەی رێوڕەسمی دابەشکردنەوەکە نەبوون، کە لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا بەڕێوەچوو.
 
ئەوە جاری سێیەمە مێسی ئەم خەڵاتە دەباتەوە، کە پێشتر لە ساڵانی 2019 و 2022 بەدەستیهێناوە. 
 
لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووش مێسی خەڵاتی باڵۆن دۆری بردەوە، کە لەلاین گۆڤاری فرانس فوتبۆلی فەرەنسییەوە دەدرێت، کە جاری هەشتەم بوو ئەو نازناوە بباتەوە.
 
هەر لەم رێوڕەسمەدا، پێپ گواردیۆلای راهێنەری ئیسپانیی یانەی مانچێستەر سیتی بە باشترین راهێنەری 2023 دەستنیشانکرا.
 
ئێدێرسۆن مۆرایێش، گۆڵپارێزی بەرازیلیی یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلتەرا، بە باشترین گۆڵپارێزی جیهان دەستنیشانکرا.
 
خەڵاتی پۆشکاش بۆ تۆمارکردنی جوانترین گۆڵی ساڵ درایە گیلهێرمێ مادروگا.
 
باشترین پێکهاتەی ساڵیش، بەمشێوەیە بوو: 
 
گۆڵپارێز: کۆرتوا
هێڵی بەرگری: دیاز، والکەر و ستۆنز
هێڵی ناوەڕاست: بێرناردۆ سێلڤا، بێلینگهام و دی برۆین
هێڵی هێرشبردن: مێسی، ڤینیسیۆس، هالاند و ئێمباپێ.