ڤیدیۆ؛ عێراق بەسەرکردایەتیی یاریزانێکی کورد یەکەم بردنەوەی تۆمارکرد

 
رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردەی عێراق یەکەم یاریی لە رکابەرییەکانی جامی نەتەوەکانی ئاسیادا بردەوە و یاریزانێکی کوردیش گۆڵی تۆمارکرد.
 
لە رکابەرییەکانی گەڕی یەکەمی قۆناخی کۆمەڵەکاندا، هەڵبژاردەی عێراق یەکەم یاریی خۆی بەرامبەر هەڵبژاردەی ئیندونیزیا ئەنجامدا و یارییەکەی بە سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە.
 
سەرەتا لە خولەکی 17 موهەنەد عەلی گۆڵی پێشکەوتنی بۆ هەڵبژاردەی عێراق تۆمارکرد، بەڵام لە خولەکی 37 مارسێلینۆ فێردینان ئەنجامەکەی بۆ ئیندونیزیا یەکسانکردەوە.
 
بەر لە کۆتاییهاتنی نیوەی یەکەم بە خولەکێک، ئوسامە رەشید، یاریزانی کوردی خەڵکی کەرکووک، گۆڵی دووەمی بۆ هەڵبژاردەی عێراق تۆمارکرد و نیوەی یەکەم لە بەرژەوەندیی عێراقییەکان کۆتاییهات.



لە نیوەی دووەمدا، عێراق لەسەر ئاستە باشەکەی بەردەوامبوو، لە خولەکی 75 ئەیمەن حوسێن گۆڵی سێیەمی هەڵبژاردەکەی بەلێدانێکی بەهێز تۆمارکرد و سێ خاڵی یارییەکەی یەکلاکردەوە.
 
عێراق یارییەکەی بە سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە و بووە خاوەنی سێ خاڵ، رۆژی هەینی داهاتوو لە دووەم یارییدا بەرامبەر هەڵبژاردەی ژاپۆن یاریی دەکات.
 
هەڵبژاردەی عێراق هەرگیز بەرامبەر ئیندونیزیا نەدۆڕاوە، لە دوو یاریی رابردووی نێوانیاندا عێراق هەشت گۆڵی بەرامبەر ئەو هەڵبژاردەیە تۆمارکردووە و تەنیا دوو گۆڵی لێکراوە.