هەموو شتێک لەسەر پرسی رۆیشتنی مێسی بۆ یانەی هیلال ئاشکرابوو

رووداو دیجیتاڵ

 

گویلیم بالاگی، ژیاننامەنووسی لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی یانەی پاریس سانجێرمان، هەموو شتێکی لەبارەی راستی و ناڕاستیی هەواڵی رۆیشتنی مێسی بۆ خولی سعودی ئاشکراکرد.
 
لە چەند رۆژی رابردوودا میدیاکان بانگەشەی ئەوە دەکەن هەردوو یانەی سعودی، هیلال و ئیتیحاد هەوڵدەدەن بۆ گواستنەوەی مێسی لە هاوینی داهاتوودا، بە گرێبەستێکی بێبەرامبەر، کە مووچەیەکی ساڵانەی 350 ملیۆن یۆرۆیی پێبدەن.
 
بالاگی لە لێدوانێکدا، لەو بارەوە گوتی "هیچ دەستەوارەیەکی لەلایەن یانەی هیلالەوە پێسکەشی نەکراوە".
 
ئاماژەی بەوەشکرد، لیۆنێل ئێستا هیچ نیازێکی نییە ئەوروپا جێبهێڵێت، پلانی هەیە لەوێ بمێنێتەوە، بەتایبەتی کە پاڵێوراوە بۆ بەدەستهێنانی باڵۆن دۆر، هێشتا رکابەریی لەسەر نازناوی چامپیۆنزلیگ دەکات"، هەروەها گوتیشی "مێسی دوای بردنەوەی جامی جیهانی ئامانجی گەورەی دیکەی هەیە".
 
زۆر لە سەرچاوەکانی هەواڵ پشتڕاستیان کردەوە کە مێسی راستەوخۆ دوای مۆندیال گرێبەستێکی نوێ لەگەڵ یانەی پاریس سانجێرمان واژۆدەکات، بەڵام مێسی تاوەکو ئێستا بڕیاری خۆی نەداوە و داهاتووی خۆی یەکلایی نەکردووەتەوە.
 
لیۆنێل مێسی، چەندینجار دووپاتیکردووەتەوە کە ئەو هێشتا ئامانجی دیکەی ماوە کە دەیەوێت بەدەستیانبهێنێت، تەنانەت دوای بردنەوەی مۆندیالیش هێشتا دەیەوێت یارمەتی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و یانەکەی بدات.