محەممەد سەڵاح ئامادەی ئاهەنگی زە بێست نابێت

رووداو دیجیتاڵ

محەممەد سەڵاح، ئەستێرەی میسری یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی ئامادەی ئاهەنگی دابەشکردنی خەڵاتی زە بێست نابێت.
 
رۆژی دووشەممەی داهاتوو، یەکێتیی تۆپی پێی نێودەوڵەتی لە سویسرا ئاهەنگی دابەشکردنی خەڵاتی زە بێست بۆ باشترین یاریزانی جیهان لە 2021 سازدەکات، کە سێ بەربژێری سەرەکی بردنەوەی خەڵاتەکە بریتین لە هەرسێ یاریزان، لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، رۆبێرت لیڤاندۆڤسکیی یاریزانی پۆڵەندیی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی و محەممەد سەڵاحی ئەستێرەی میسریی یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی.
 
سەرچاوەیەکی نزیک لە هەڵبژاردەی میسر، رایگەیاند کە سەڵاح گەشتی سویسرا ناکات و ئامادەی ئاهەنگی زە بێست نابێت، بەهۆی پابەندبوونی بە ئەرکە نیشتیمانییەکەی لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی لە جامی نەتەوەکانی ئەفریقا، کە لە کامیرۆن بەردەوامە.
 
ئەو سەرچاوەیە هەروەها گوتی "ئەستێرەی لیڤەرپوول ئەمڕۆ بەرامبەر گینیا بیساو یاری دەکات، کە دووەم یاریی هەڵبژاردەی میسرە لە پاڵەوانێتییەکەدا، هەروەها رۆژی چوارشەممەش بەرامبەر سودان یاری دەکات، واتە ناکرێت رۆژی دووشەممە بچێتە سویسرا و بگەڕێتەوە".
 
سەرچاوەکەی نزیک لە هەڵبژاردەی میسر، زیاتر دەڵێت "گەشتی سەڵاح بۆ سویسرا و گەڕانەوەی بەر لە یاریی سودان زۆر تاقەتپرۆکێن دەبێت، بۆیە ئەو کارە ناکات و کەمپیی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی جێناهێڵێت".
 
هەڵبژاردەی فیرعەونەکانی میسر لە یەکەم یارییاندا لە قۆناخی کۆمەڵەکان بە هەڵبژاردەی نەیجیریا دۆڕا بە گۆڵێکی بێبەرامبەر، بۆیە پێویستە ئەمڕۆ سەرکەوتن بەدەستبێنێت ئەگەر بیەوێت لە رکابەرییەکە دەرنەچێت.
 
هەڵبژاردەی میسر لەم پاڵەوانێتییەدا بێبەش دەبێت لە تواناکانی ئەکرەم توفیقی یاریزانی باڵی راست، بەهۆی تووشبوونی بە پێکان لە یاریی بەرامبەر نەیجیریا، هەروەها ئەحمەد فەتوحیش بەرامبەر گینیا بیساو یاری ناکات، بەهۆی پێکانێکی ماسوولکەیی.
 
ئامادەنەبوونی محەممەد سەڵاح لە ئاهەنگی زە بێستدا، سەرەڕای بوونی پاساو، ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی کە سەڵاح خەڵاتەکە بەدەستناهێنێت و رکابەرییەکە لە نێوان لیۆنێل مێسی و رۆبێرت لیڤاندۆڤسکیدا دەبێت.