هه‌ڤپه‌یڤین: سه‌فین ته‌ها
دیدار حامد حه‌سه‌ن، له‌دایكبووی ساڵی 1984ی شاری هه‌ولێره، ماوه‌ی 14 ساڵ یاری بۆ یانه‌ی هه‌ولێر كردووه، ئێستاش له‌و یانه‌یه به‌رده‌وامه، پێشتریش یاری بۆ یانه‌كانی بروسك و زاخۆ كردووه. ساڵی 1998 بۆ یه‌كه‌مجار له ریزی لاوانی یانه‌ی هه‌ولێر به‌دیاركه‌وت، ماوه‌ی 5 ساڵ یاری بۆ هه‌ڵبژارده‌كانی لاوان و ئۆڵۆمپی و یه‌كه‌می عێراق ئه‌نجامداوه، پێنچ ساڵیش گۆڵچی هه‌ڵبژارده‌ی كوردستان بووه. 4 جار خولی عێراق، 3 جاریش خولی كوردستانى بردووه‌ته‌وه‌و 4 جاریش به باشترین گۆڵچی خولی كوردستان ده‌ستنیشانكراوه.
رووداوی وه‌رزشی: چۆن بوو گۆڵچیایه‌تیت هه‌ڵبژارد؟
دیدار حامد: سه‌ره‌تا له ساڵی 1998وه‌ك هێرشبه‌ر له ریزی لاوانی هه‌ولێر یاریم ده‌كرد، به‌ڵام له یه‌كێك له مه‌شقه‌كاندا گۆڵچییه‌كانمان ئاماده‌نه‌بووبون، به‌ناچارى بوومه گۆڵچی و له‌و رۆژه‌وه فه‌رحان جه‌باری راهێنه‌ر ئامۆژگاری كردم ببمه گۆڵچی.
رووداوی وه‌رزشی: هۆكاری رۆیشتنت له یانه‌ی هه‌ولێر چی‌بوو؟
دیدار حامد: نزار مه‌حروسی راهێنه‌رى سوورى هۆكاری رۆیشتنم بوو له یانه‌ی هه‌ولێر، چونكه ئه‌وكاته‌ی راهێنه‌ری هه‌ولێر بوو، داوای له كارگێڕی یانه‌كه كرد كه ده‌ستبه‌رداری چه‌ند یاریزانێك ببێت و من یه‌كێك بووم له‌و یاریزانانه.
رووداوی وه‌رزشی: ئه‌ى بۆ گه‌ڕایته‌وه یانه‌ی هه‌ولێر؟
دیدار حامد: خۆشه‌ویستییه‌كی له راده‌به‌ده‌رم بۆ شاری هه‌ولێر و یانه‌كه‌ی و هانده‌رانی هه‌بوو، بۆیه نه‌متوانی زیاتر له‌ساڵێك له دووری هه‌ولێر بژیم.
رووداوی وه‌رزشی: بۆچی له‌گه‌ڵ یانه‌ی سلێمانی رێكنه‌كه‌وتی؟
دیدار حامد: دوای واژووكردنی گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ یانه‌ی سلێمانی، به‌رپرسانی ئه‌و یانه‌یه چه‌ند خاڵێكیان به‌سه‌رزاره‌كی پێگوتم، منیش رازی نه‌بووم.
رووداوی وه‌رزشی: ئه‌و خاڵانه چی بوون كه له‌سه‌ری رێكنه‌كه‌وتن؟
دیدار حامد: ئه‌وان ده‌یانگوت، نابێت زوو زوو بگه‌ڕێیته‌وه شاری هه‌ولێر، ئه‌وه‌ش بۆ من نه‌ده‌گونجا. ده‌شیانگوت زۆری بڕی پاره‌ی گرێبه‌سته‌كه‌ت كێشه‌ی له‌ناو یاریزانانی تیپه‌كه درووستكردووه.
رووداوی وه‌رزشی: بۆچی سه‌ره‌ڕای ئاست به‌رزیت، له یانه‌ی زاخۆ نه‌مایته‌وه؟
دیدار حامد: چه‌ند هۆكارێك هه‌بوون، یه‌كه‌میان نه‌مده‌توانی زیاتر له شاری هه‌ولێر دووربم، به‌ڵام گرنگترین هۆكار بوونی چه‌ند كێشه‌یه‌ك بوو له‌نێوان من و كارگێڕی یانه‌ی زاخۆ، تاوه‌كو ئێستاش به‌شێكی پاره‌ی گرێبه‌سته‌كه‌م وه‌رنه‌گرتووه، چه‌ندجارێكیش یانه‌ی زاخۆم ئاگاداركردووه‌ته‌وه، ئه‌گه‌ر ته‌واوی پاره‌ی گرێبه‌سته‌كه‌م نه‌ده‌نێ سكاڵای یاساییان له‌سه‌ر تۆمارده‌كه‌م.
رووداوی وه‌رزشی: هه‌ست ناكه‌ی ئه‌م وه‌رزه له یانه‌ی هه‌ولێر سته‌مت لێده‌كرێت؟
دیدار حامد: ئه‌مساڵ كه گه‌ڕامه‌وه یانه‌ی هه‌ولێر، دوایین گرێبه‌ستی یانه‌ی هه‌ولێر بووم، كه ده‌ستم به مه‌شقه‌كان كرده‌وه ئه‌و یانه‌یه دوو یاری له خولی عێراق ئه‌نجامدابوو، بڕیاریشمداوه ئه‌مساڵ هیچ گله‌ییه‌ك له یانه‌ی هه‌ولێر نه‌كه‌م و له‌مه‌شقه‌كان خۆم ماندووبكه‌م و بگه‌ڕێمه‌وه ئاستی راسته‌قینه‌م.
رووداوی وه‌رزشی: ده‌نگۆی ئه‌وه هه‌یه كه كێشه‌ت له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌نگ موحسین هه‌بووه، تا چه‌ند راسته؟
دیدار حامد: نه‌خێر، چه‌ندجارێك ئه‌وه‌م دووپاتكردووه‌ته‌وه كه هیچ كێشه‌یه‌كم له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌نگ نه‌بووه، ئه‌و قسانه دوورن له راستییه‌وه، من و سه‌رهه‌نگ هاوڕێی خۆشه‌ویستی یه‌كترین و هیچ شتێكی له‌و جۆره له‌ئارادا نییه.
رووداوی وه‌رزشی: گه‌وره‌ترین ئاواتت له ژیانی وه‌رزشیدا چی بووه؟
دیدار حامد: هیواداربووم ته‌مه‌نم به‌شی ئه‌وه‌ی بكردایه یارییم بۆ هه‌موو یانه‌كانی كوردستان ئه‌نجامبدایه.
رووداوی وه‌رزشی: كێ به ئه‌فسانه‌ی یانه‌ی هه‌ولێر ده‌زانی له مێژوودا؟
دیدار حامد: چه‌ند یاریزانێك هه‌بوون سه‌رنجی منیان راكێشابوو، به‌ڵام له‌و نه‌وه‌یه‌ی كه له‌گه‌ڵمدا بوون، محه‌ممه‌د خۆشناو گۆڵكارێكی بێ وێنه بوو، دوای ئه‌ویش رافد به‌دره‌دین كه هاورێیه‌كی نزیكیشمه.
رووداوی وه‌رزشی: له نێوان تیپی هه‌ولێری خولی عێراق و خولی كوردستان، هه‌ستناكه‌ی كه‌مته‌رخه‌میت به‌رامبه‌ر به هه‌ولێری خولی كوردستان؟
دیدار حامد: نه‌خێر، هیچ جیاوازییه‌كیان بۆ من نییه، ته‌نانه‌ت من خولی كوردستان‌م زۆر له خولی عێراق پێ خۆشتره، هه‌ركاتێ یانه‌ی هه‌ولێر پێویستی به من هه‌بووبێت له‌خزمه‌تیدابوومه، جارێكیان له هه‌ڵبژارده‌ی عێراق گه‌ڕامه‌وه راسته‌وخۆ بۆ رۆژی دواتر یاریم بۆ یانه‌ی هه‌ولێر ئه‌نجامدا له خولی كوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ