رامۆس زۆر نزیکە لە یانەیەکی گەورە و بەنێوبانگ

رووداو دیجیتاڵ

هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە سێرخیۆ رامۆسی بەرگریکاری پێشووی یانەی ریال مەدرید و هەڵبژاردەی ئیسپانیا نزیکە لە دۆزینەوەی تیپێکی نوێ، دوای ئەوەی نزیکەی 6 مانگ دوورکەوتنەوە لە یاریگاکان، کە دوایین ئەزموونەکەی لەگەڵ سێڤییا بوو.
 
بەپێی ئەوەی ماڵپەڕی Tycsports بڵاویکردووەتەوە، وادیارە رامۆسی تەمەن 38 ساڵ، نزیکە لە گواستنەوەی بۆ یانەی بۆکا جونیۆرزی ئەرجەنتینی، کە بەشداری لە وەشانی نوێی مۆندیالی یانەکانی 2025 دەکات.
 
ماڵپەڕی Tycsports، رایگەیاند "ئەوەی لە چەند کاژێری رابردوودا تەنیا دەنگۆ بوو، ئێستا بووەتە هەواڵی پشتڕاستکراوە، لە ئێستاوە دانوستاندن لەنێوان رامۆس و بەرپرسانی بۆکادا هەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا شتەکان هێشتا لە هەنگاوەکانی سەرەتاییدان".
 
ئاماژەی بەوەشکرد، بۆکا جونیۆرز پەیوەندی بە سێرخیۆ رامۆسەوە دەکات و هەوڵدەدات گرێبەستێک لەگەڵیدا واژۆبکات بۆ ساڵی 2025، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە رامۆس ئێستا یاریزانێکی ئازادە و لە مانگی ئایاری 2024ـەوە یاری نەکردووە.
 
لە سەرەتای وەرزی ئێستاوە چەندین راپۆرتی رۆژنامەڤانی لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان سێرخیۆ رامۆس و یانەکانی دیکە بڵاوبوونەتەوە، هەروەها دڵی بەرگری هەڵبژاردەی پێشووی ئیسپانیا سەرەڕای دوورکەوتنەوە هەرگیز لە مەشقەکان دوورنەکەوتووەتەوە و بەردەوام بەشداری مەشق و راهێنانی زۆر قورس دەکات بەئامانجی پاراستنی توانای جەستەیی خۆی.
 
رامۆس ئەگەر پەیوەندی بە یانەی بۆکا جونیۆرزەوە بکات، ئەوا یەکەم ئەزموونی دەبێت لە دەرەوەی ئەورووپا، ئەگەرچی هەندێک سەرچاوەی هەواڵ باس لەوە دەکەن کە یانەی نەسڕی سعودیش لەسەرهێڵە بۆ بردنی رامۆس بۆ ریزەکانی.
 
بۆکا جونیۆرز، لەگەڵ رکابەرە تەقلیدییەکەی ریڤەرپلەیت بەشداری مۆندیالی یانەکانی 2025 دەکات، و لە کۆمەڵەی سێیەم یاری دەکات، لەگەڵ بایرن میونشنی ئەڵمانی، بێنفیکای پۆرتوگالی و ئۆکلاند سیتی نیوزیلەندی.