مێسی هۆشدارییەکی تووند دەداتە بارسێلۆنا
رووداو دیجیتاڵ
لیۆنێل مێسی، هۆشدارییەکی تووند دەداتە هانزی فلیکی راهێنەری ئەڵمانیی یانەی بارسێلۆنا و بەرپرسانی ئەو یانەیە، سەبارەت بە ئەستێرەیەکی تیپەکە، کە یانەکە بیر لە فرۆشتنی دەکاتەوە.
لە چالاکییەکی ئەدیداس لە ئەڵمانیا، یاریزانی ئینتەرمەیامی و ئەفسانەی پێشووی بارسێلۆنا، لیۆنێل مێسی، باسی ئەو کاریگەرییە گەورەیەی کرد کە لامین یامالی یاریزانی لاوی بارسێلۆنا هەیەتی.
مێسی گوتی "نەوەیەکی زۆر باشی یاریزانانی تۆپی پێی لاو هەیە، بەڵام ئەگەر ناچاربووم تەنیا یەک یاریزان هەڵبژێرم، بۆ ئەوەی تاوەکو ئێستا کردوویەتی، بۆ تەمەنی خۆی و بۆ ئەو شوێنەی کە دەتوانێت بیگاتێ، دەڵێم لامین یامال. هەرچەندە ئەوە پەیوەستە بەخۆیەوە، بەڵام ئیستا یاریزانێکی زۆر باشە و داهاتوویەکی گەورەی لەپێشە".
لەچوارچێوەیەکی دیکەدا، راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە، پابلۆ تۆرێی یاریزانی تیپی یەکەمی یانەی بارسێلۆنا، نزیکە لە جێهێشتنی بلاوگرانا لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی داهاتوودا، چونکە هانزی فلیکی راهێنەر سەرسام نییە بە تواناکانی و رازی نییە بەو ئاستەی پێشکەشی دەکات.
رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی، ئاماژەی بەوە کردووە کە پابلۆ تۆرێ لە مانگی تشرینی یەکەمی رابردووەوە تەنیا ماوەی 72 خولەک لەگەڵ بارسێلۆنا یاری کردووە، ئەمەش وایکردووە ببێتە بەربژێرێکی بەهێز بۆ جێهێشتنی ریزەکانی یانەی کەتەلۆنی لە مێرکاتۆی زستانەدا.
لیۆنێل مێسی، سەبارەت بە بۆچوونی خۆی لەبارەی رۆیشتنی ئەو یاریزانە لاوە، لە لێدوانێکدا، کە رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی کەتەلۆنی بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت "هیوادارم فلیک کاتێکی زیاتر بە پابلۆ بدات، بەتایبەتی کە یاریزانێکی گەنجە و هێشتا زۆر کاتی لەپێشە بۆ گەشەکردن و پێگەیشتن لەسەر ئاستی تەکنیکی و جەستەیی".
مێسی ئاماژە بەوەش دەکات، کە پابلۆ تۆرێ توانا و بەهرەیەکی باشی هەیە، و رووی قسەکانی لە فلیک و بەرپرسانی بارسێلۆنا دەکات و دەڵێت "پێموایە پشتگوێخستنی ئەو یاریزانە لاوە هەڵەیە، چونکە کاتێک لەم وەرزەدا چەند خولەکێکی کەم بەشداریکرد، کوالیتی خۆی و ئەو زیادەیەی کە بە بارسا دەبەخشێت سەلماندی".
مێسی زیاتر گوتی "هیوادارم فلیک پێداچوونەوە بە بڕیارەکەی بکات سەبارەت بە پابلۆ و یاریزانەکە لە کامپ نو بهێڵێتەوە".