بارسێلۆنا گرێبەستێکی گەورەی مسۆگەر کرد
رووداو دیجیتاڵ
بارسێلۆنا نزیکە لە بەدەستهێنانی تواناکانی جۆناسان تاه، بەرگریکاری ئەڵمانیی یانەی بایرلیڤەرکوزن لە هاوینی داهاتوودا.
گرێبەستەکەی تاه لەگەڵ بایرلیڤەرکوزن هاوینی داهاتوو کۆتایی دێت، و ئەو دەتوانێت لە مانگی یەکی داهاتووەوە بەبێ بەرامبەر گرێبەست لەگەڵ هەر یانەیەک واژۆبکات کە حەزی لێیە.
بەگوێرەی میدیای ئیسپانیا، دانوستاندنەکانی نێوان جۆناسان و بارسێلۆنا گەیشتووەتە قۆناخێکی زۆر پێشکەوتوو، یانە کەتەلۆنییەکەش گەشبینە بەگواستنەوەی تاه لە هاوینی داهاتوودا.
بەپێی ئەو سەرچاوانە، ئێستا بارسێلۆنا لەم پێشبڕکێیەدا لە پێش بایرن میونشنەوەیە، دوای کۆبوونەوەی نێوان دیکۆ، بەڕێوەبەری وەرزشیی بارسا و خودی یاریزانەکە، جگە لە بەرێوەبەری کارەکانی، پینی زەهاوی.
بەرگریکاری ئەڵمانی تەمەن 28 ساڵ لەکۆبوونەوەی لەگەڵ دیکۆدا سەرسامییەکی زۆری خۆی بۆ ئەو پڕۆژەیە دەربڕی کە لەلایەن دیکۆیەوە پێشکەشکراوە.
روونیشیکردەوە، گرێبەستکردن لەگەڵ تاه هیچ مەترسی لەسەر بەردەوامبوونی رۆناڵد ئاراوخۆ لەگەڵ بارسا دروست ناکات، چونکە دیکۆ ئامانجی ئەوەیە چەندین بەرگریکاری بەتوانا لە بارسێلۆنا کۆبکاتەوە.
کارگێڕیی بارسێلۆنا پێیوایە بەرگریکارە ئۆرۆگواییەکە یەکێکە لە باشترین یاریزانەکانی پێگەی خۆی لە جیهاندا، هەروەها هەموو هەوڵێک دەدات بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی، هەرچەندە دانوستاندنەکان لەم دواییانەدا پێشکەوتنێکی ئەوتۆیان بەخۆیانەوە نەبینیوە.
سەرچاوەکانی نزیک لە ژووری جلگۆڕینی بارسا، باس لەوە دەکەن کە هاتنی ئەو بەرگریکارە ئەڵمانییە بەدڵنیاییەوە دەبێتە هۆی دروستبوونی قەرەباڵخی لە پێگەی دڵی بەرگریدا، بۆیە یانەکە بەنیازە لە هاویندا لانیکەم یەکێک لە بەرگریکارەکانی دڵی بەرگرییەکەی بەڕێبکات و دووان بەربژێرن بۆ ئەوەی یەکێکیان بڕوات، ئاندریاس کریستینسن و ئێریک گارسیا.
ماوەی گرێبەستی ئێستای ئاندریاس کریستینسن و ئێریک گارسیا لە ساڵی 2026 کۆتایی دێت، رۆیشتنی یەکێک لەوانەش دەرفەتێکە بۆ ئەوەی یانەکە قازانجی دارایی بەدەستبهێنێت، چونکە بەبێ هیچ تێچوونێک پەیوەندییان بە یانەی بارسێلۆناوە کردووە.