باوکی ئەستێرەیەک ئابڕووی کوڕەکەی دەبات و دەڵێت کوڕی ئەو نییە
رووداو دیجیتاڵ
باوکی یوسوفا مۆکۆکۆ، ئەستێرەی یانەی بۆرووسیا دۆرتموندی ئەڵمانی، کە بەخواستن بۆ یانەی نیسی فەرەنسی یاری دەکات، سوپرایزێکی گەورەی سەبارەت بە تەمەنی راستەقینەی کوڕەکەی ئاشکراکرد، بەڵام گەورەترین سەرسوڕمان ئەوەیە کە "کوڕی بایۆلۆجیی خۆی نییە".
رۆژنامەی بیڵدی ئەڵمانی، لە زاری باوکی یوسف مۆکۆکۆوە بڵاویکردەوە، ئەو یاریزانە کوڕە بایۆلۆژییەکەی نییە و دوای چوار ساڵ لە لەدایکبوونی ناوی تۆمارکراوە.
جۆزێف مۆکۆکۆ، بە رۆژنامە ئەڵمانییەکەی راگەیاندووە "یوسف مۆکۆکۆ نە کوڕی بایۆلۆژی منە و نە کوڕی هاوژینەکەمە، هەروەها لە 20ـی تشرینی دووەمی 2004 لە شاری یاوندەی کامێرون لەدایکبووە، واتە یاریزانەکە لەبری 20 ساڵ تەمەنی 24 ساڵە".
لە بەشێکی قسەکانی جۆزێفدا، کە بۆ رۆژنامەی بیڵدی ئەڵمانی کردووە، روونی دەکاتەوە "ئێمە تەمەنی یوسوفامان چوار ساڵ گەنجتر کرد بۆ ئەوەی کاروانی تۆپی پێی پیشەگەری ئاسانتر بکات".
باوکی مۆکۆکۆ ئاماژەی بەوەشکردووە، لە شاری یاوەندی بڕوانامەی لەدایکبوونی ساختەم بۆ وەرگرتووە، دواتر چوومەتە باڵیۆزخانە و پاسپۆرتێکم بۆ وەرگرتووە و وەک کوڕم هێناوەتە ئەڵمانیا، لەڕاستیدا لە 19ـی تەمموزی 2000 لەدایکبووە. چوار ساڵ بچووکترمان کرد، دوای ساختەکردن و نووسینی وادەی لەدایکبوونی لە 20ـی تشرینی دووەمی 2004".
دایک و باوکی بایۆلۆژی یوسوفا مۆکۆکۆ بەپشتبەستن بە بەڵگەنامەی فەرمی ناسنامە و بڕوانامەی لەدایکبوون، کە لە ئەڵمانییەوە دەرچووە، دەستنیشانکراون.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر ئەو قسەیەی جۆزێف راست بێت، ئەوا ئەگەری هەیە کاریگەری گەورەی لەسەر ژیانی هێرشبەرەکە هەبێت، چونکە لەوانەیە مافی بەشداریکردنی لە پاڵەوانێتییە جیاوازەکانی لاواندا نەبووبێت.