رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی چڕی یارییەکان و زۆری پێکانەکان، ئەم وەرزە قورسترین وەرزی ریال مەدرید دەبێت لە 15 ساڵی رابردوودا، کە لە ئەمڕۆوە یانەی شاهانە دەچێتە نێو ئاڵنگارییە زەحمەتەکەوە، کاتێک رووبەڕووی یانەی رایۆ ڤاییکانۆ دەبێتەوە لە دەرەوەی یاریگای خۆیدا.
ئەمڕۆ گەڕێکی نوێی یارییەکانی خولی ئیسپانیا دەستپێدەکات، یانەی ریال مەدرید بەر لە چوونی بۆ قەتەر بۆ ئەنجامدانی یاریی کۆتایی جامی کیشوەرەکان، لە رکابەرییەکانی گەڕی 18ـی لالیگادا و لە دێربییەکی مەدریدیدا، لە دەرەوەی یاریگەی خۆیدا دەبێتە میوانی یانەی رایۆ ڤاییکانۆ.
ریال مەدرید لە دوای بردنەوەی لە ئاتالانتا لە چامپیۆنزلیگدا، دەیەوێت بردنەوەیەکی دیکە لەسەر ئاستی ناوخۆ تۆماربکات، بەڵام ئەرکی ئاسان نابێت، هەم لەبەرئەوەی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی یاری دەکات، هەمیشە بەهۆی ئەوەی کیلیان ئێمباپێ بەهۆی پێکانەوەی یاری ناکات.
ریال مەدرید لە دوایین 4 سەردانیدا بۆ یاریگەی رایۆ ڤایکانۆ 2 جار دۆڕاوە، نایەوێت جارێکی دیکە تووشی شکست بێت، هەرچەندە رکابەرەکەی لەم وەرزەدا لە پلەی 12ـەمە.
لۆس بلانکۆس، دوای ئەم یارییە گرنگەی لالیگا دەچێتە قەتەر، بۆ ئەوەی رۆژی 18ـی ئەم مانگە لە یاریی کۆتایی جامی ئینتەرکۆنتێنتال بەرامبەر براوەی یەکێک لە یانەکانی ئەهلی میسری و پاچۆکای مەکسیکی یاری بکات.
پاشان لە مانگی یەکی ساڵی 2025 دەچێتە سعودیە بۆ ئەنجامدانی جامی سوپەر و دواتر دەگەڕێتەوە بۆ ئیسپانیا بۆ ئەنجامدانی یارییە دواخراوەکە و وەرگرتنی پێشەنگی ریزبەندیی لالیگا.
پاشان دوو یاریی چوون و گەڕانەوە لە پاشکۆی چامپیۆنزلیگ ئەنجام دەدات بۆ مسۆگەرکردنی سەرکەوتن بۆ قۆناخی 16ـی پاڵەوانێتییەکە، چونکە بەدڵنیاییەوە ناتوانێت لەگەڵ تۆپ هەشت بەشێوەی راستەوخۆی بگاتە ئەو قۆناخە.
ریال مەدرید دواتر دەگەڕێتەوە بۆ یاریکردن لە جامی شای ئیسپانیا و پاشان بۆ قورسترین پاڵەوانێتی، جامی جیهانی یانەکان، کە لەوێ رووبەڕووی پاڵەوانانی کیشوەرەکان دەبێتەوە.
لەنێوان یارییەکانی لالیگا و گوشارەکانی چامپیۆنزلیگ و جامی جیهانی یانەکاندا، ریال مەدرید قورسترین وەرزی لە 15 ساڵی رابردوودا بەڕێدەکات.
جگە لە چڕی و زۆری یارییەکان، ریال مەدرید بەدەست کێشەی زۆری پێکانەکانیش دەناڵێنێت، کە چەندین یاریزانی کاریگەری بەهۆی پێکانەوە دوورکەوتوونەتەوە و دوایینیان کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی فەرەنسییە، کە لە یاریی بەرامبەر بۆرووسیا دۆرتموندی ئەڵمانی لە گەڕی شەشەمی چامپیۆنزلیگدا تووشی پێکان بوو.
کیلیان ئێمباپێ، دوای ئەنجامدانی پشکنینە پزیشکییەکان دەرکەوت کە 10 رۆژ لە یاریگەکان دووردەکەوێتەوە و بەشداری لە یارییەکەی ئەمشەودا ناکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەی تووشی پێکانبووە، تووشی ئەنفلوەنزاش بووە و بەو هۆیەوەش بەشداریی لە میواندارییەکی هاوڕێکانیدا لەلایەن یانەکەیەوە نەکرد کە بۆ جەژنەکانی کریسمس رێکخرا بوو.
هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە کە ئەستێرەی پێشووی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی دەتوانێت بەشداری لە یاریی کۆتایی جامی ئینتەرکۆنتێنتال لە قەتەر بکات یان نا، بەڵام لەگەڵ تیپەکەی گەشت دەکات و لەلایەن کارلۆ ئەنچیلۆتیی راهێنەرەوە بانگهێشتکراوە بۆ یارییەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ