رووداو دیجیتاڵ
"دەبێت بگەڕێیەوە" ئەمە پرسیارێکە، کە رودیگێری بەرگریکاری یانەی ریال مەدرید رۆژانە لە تۆنی کرووسی هاوڕێ و هاونیشتیمانییەکەی خۆی دەکات و مەبەستی گەڕانەوەیە بۆ ریزەکانی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا.
رودیگێر، هەمیشە داوا لە کرۆس دەکات لە وازهێنانە نێودەوڵەتییەکەی پاشگەز ببێتەوە و بگەڕێتەوە بۆ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا.
ئەنتۆنیۆ رودیگێر، بەرگریکاری ناوەڕاستی یانەی ریال مەدرید، پێداگری دەکات لەسەر گەڕانەوەی هاوکار و هاونیشتیمانییەکەی، تۆنی کرووس بۆ پێکهاتەی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، کە هاوینی داهاتوو لە ئەڵمانیا بەشداری پاڵەوانێتی نەتەوەکانی ئەوروپا (یۆرۆ 2024) دەکات.
لە لێدوانێکدا، رودیگێر داوای بەردەوامی خۆی لە کرووس بۆ گەڕانەوە بۆ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا ئاشکرا کرد و جەختی لەوە کردەوە "هەموو رۆژێک داوای لێدەکەم بگەڕێتەوە".
یاریزانە ئەڵمانییەکە ئاماژە بەوە دەکات کە یاریزانێکی وەک کرووس، کە هێشتا لە ئاستێکی بەرزدایە، پێویستە بۆ هەڵبژاردەی نیشتمانی یاری بکات.
هەرچەندە رودیگێر سوورە لەسەر خواستەکەی، بەڵام دەشزانێت کە قسەی کۆتایی لەسەر ئەم بابەتە لای کرووسە.
ئەو دەڵێت "پاسەکانی تۆنی لە هەسارەیەکی دیکەوەن، بۆیە هیوادارم جارێکی دیکە یاری بۆ مانشافت بکاتەوە، بەڵام لە کۆتاییدا ئەمە بڕیاری خۆیەتی".
بەرگریکاری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا و ریال مەدرید رایگەیاند، هەڵبژاردەکەیان پابەندە بە پێشکێشکردنی ئاستێکی باش لە یۆرۆی 2024، کە لەسەر خاکی خۆیان و لەنێو هاندەرانیدا میوانداری دەکات و دەڵێت "وڵاتەکەمان نایاب و سەرنجڕاکێشە، دەبێت ئامانجمان ئەوە بێت کە لە پاڵەوانێتییەکەدا زۆر بڕۆین".
تۆنی کرووس، تەمەن 33 ساڵان، لە 2014 نازناوی جامی جیهانی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا لە بەرازیل بەدەستهێنا، دوای 106 یاری نێودەوڵەتی لە مانگی حوزەیرانی 2021 وازهێنانی خۆی لە یاریی نێودەوڵەتی راگەیاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ