ئێنریکی بۆ ئێمباپێ: خۆم گەمژە ناکەم

رووداو دیجیتاڵ

لویس ئێنریکی، راهێنەری یانەی پاریس سانجێرمان تووڕەیی کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەکەی  لەسەر ئاستی تیپەکەی لە دوایین خولەکەکانی یارییەکەیان بەرامبەر بۆرووسیا دۆرتموند لە چامپیۆنزلیگدا پێ ئاساییە، بەڵام پەیامی ئەوەشی بۆ نارد کە گەمژە نییە لە دواخولەکەکاندا گەمژەیی بکات.
 
پاریس یەکسانبوو لەگەڵ بۆرووسیا دۆرتموند 1-1 و پێکەوە سەرکەوتن بۆ قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ، بەڵام یانە ئەڵمانییەکە بە یەکەم و پاریس بە دووەم. میلان بە کۆکردنەوەی 8 خاڵ لە پلەی سێیەم و نیوکاسڵ یونایتد بە 5 خاڵ چوارەم بوو.
 
رۆژنامەی RMC Sport بڵاویکردەوە، ئێمباپێ دوای لەدەستدانی پلەی یەکەم بەتەواوی لە سیناریۆی یاریکردنی پاریس رازی نەبووە.
 
تۆڕی فەرەنسی ئاماژەی بەوەشکردووە، کیلیان ناڕەزایەتی دەربڕیوە بەرامبەر بەو شێوازی بەرگرییەی ئێنریکی بۆ پاراستنی یەکسانبوونەکەی لە دوایین خولەکەکانی یارییەکەدا پەیڕەوی کردووە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی میلان لە یارییەکەی دیکەدا بە ئەنجامی دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە پێش نیوکاسڵ بووە.
 
کاتێک پرسیار لە ئێنریکی کرا سەبارەت بە تووڕەیی ئێمباپێ؟ راهێنەرە ئیسپانییەکە لە وەڵامدا گوتی "سروشتییە یاریزانەکان هەست بە بێزاری بکەن، 5 هەلمان بەفیڕۆدا. بەڵام گەمژەیی دەبێت ئەگەر لە خولەکی 85 گۆڵێکت لێبکرێت، من بەرپرسیارم لە بەڕێوەبردنی ساتەوەختە گرنگەکان، ئەمە رۆڵی منە وەک راهێنەرێک".
 
ئاشکراشیکرد "بەدواداچوونم بۆ ئەنجامی یارییەکەی دیکەی نێوان میلان و نیوکاسڵ نەکرد، چونکە ئامانجمان سەرکەوتن بوو بەرامبەر دۆرتموند بۆ ئەوەی هیچ کارەساتێک روونەدات، کاتێکیش لە خولەکی 85 زانیم میلان لەپێشە، داوام لە یاریزانەکان کرد کۆنترۆڵی زیاتریان هەبێت و پەلەکردن و مەترسی کەم بکەنەوە".
 
راهێنەری یانەی پاریس سانجێرمان ئاماژەی بەوەشکرد، کە دڵخۆشە بە بەدەستهێنانی پلەی دووەم لە کۆمەڵەیەکی لەو شێوەیەدا.
 
هەروەها لویس ئێنریکی جەختی لەوە کردەوە، کە ئەو ئەنجامە سەرکەوتنێکی راستەقینەیە بۆ تیپەکەی و گوتی "هەندێک دەیانویست بە مردوویی بمانبینن، بەڵام هێشتا لە ژیانداین و لە دۆخێکی باشداین".
 
هەروەها لە درێژەی لێدوانەکەیدا، گوتی "من نیگەران نیم لە بەفیڕۆدانی هەلەکان، چونکە لە هەموو یارییەکدا گۆڵ تۆمار دەکەین، بەڵام ئەوەی پەیوەندی بە منەوە هەیە کۆنتڕۆڵ نەکردنی یارییەکەیە، هەوڵدەدەم ئەم بابەتە باشتر بکەم، چونکە تیپ هەیە لە چامپیۆنزلیگدا لە ئێمە باشترە و یاریکردن بەرامبەریان مەترسییە.
 
ئێنریکی دووپاتیکردەوە "لە مانگی شوباتدا بەهێزتر دەبین، هیچ تیپێک کە لە پێشەنگی کۆمەڵەکەیدایە نایەوێت رووبەڕووی پاریس سانجێرمان ببێتەوە، لێیان بپرسن".
 
لە کۆتاییدا گوتیشی "ئەزموونی 12 ساڵ لە راهێنەرایەتیم هەیە، هەموو ئەو تیپانەی لەگەڵیاندا کارم کردووە بە تێپەڕبوونی کات ئاستی خۆیان بەرزکردووەتەوە، هەروەها متمانەم بە پیشەگەریی کارگێڕیی یانەکە هەیە".