دوایین زانیاری سەبارەت بە داهاتووی چاڤی لەگەڵ بارسێلۆنا

رووداو دیجیتاڵ

دوای دۆڕانی ئەم دواییەی یانەی بارسێلۆنا لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، بەرامبەر رۆیال ئانتوێرپی بەلجیکی، راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی ئیسپانیا دوایین پێشهاتەکانیان سەبارەت بە داهاتووی چاڤی هێرناندێزی راهێنەری بارسێلۆنا ئاشکراکرد.
 
بارسێلۆنا بە یەکەمی کۆمەڵەکەی سەرکەوت بۆ قۆناخی 16ـی پاڵەوانێتییەکە، بەڵام دوو دۆڕانی بەرامبەر شاختار و رۆیال ئانتوێرپ تووشی بوو. ئەمەش مشتومڕی لە دەوری راهێنەرە ئیسپانییەکە دروستکرد، کە تەنیا چەند رۆژێک لەمەوبەر بە جیرۆنا دۆڕا و دابەزی بۆ پلەی چوارەمی ریزبەندی خولی ئیسپانیا.
 
بەگوێرەی رۆژنامەی سپۆرت، بەشێک لە ئەندامانی دەستەی کارگێڕیی بارسێلۆنا، گومانیان لە چاڤی هەبووە، تەنانەت پێش پشووە نێودەوڵەتییەکانی ئەم دواییە، رەخنەکان لە دژی راهێنەرەکە زیادیان کرد بەهۆی ئەنجام و ئاست و لێدوانەکانی تیپەکە.
 
هەرچەندە هەندێک لە ئەندامانی دەستەی کارگێڕێی گومانیان لە چاڤی هەیە، بەڵام خوان لاپۆرتا سەرۆکی یانەکە گەورەترین بەرگریکارە.
 
بەگوێرەی رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی، لاپۆرتا پێیوایە لە کاتی قەیرانەکاندا باشترە یانەکە پشتی راهێنەر بەرنەدات بۆ ئەوەی تیپ بە یەکگرتوویی بمێنێتەوە.
 
لە دوای یارییەکەی ئانتوێرپ، لاپۆرتا بینراوە کە بەرەو ژووری جلگۆڕین دەڕوات، هەروەها بەگوێرەی رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ، لاپۆرتا بۆ بەرزکردنەوەی ورەی یاریزانەکان چووە.
 
چاڤی دوای دۆڕاندنەکەی دوێنێ رایگەیاند کە لاپۆرتا سەرۆکی یانەکە متمانەی پێدەکات و وەک راهێنەرێک دڵنیایە کە لە ماوەیەکی نزیکدا ئەنجامەکانی تیپەکە باشتر دەبن.
 
چاڤی دووپاتیکردەوە کە تیپەکە لە چامپیۆنزلیگدا بەدەست قەیرانەوە ناناڵێنێت، دوای ئەوەی بۆ یەکەمجار لە ماوەی دوو ساڵدا سەرکەوت بۆ قۆناخی چارەکی کۆتایی.