جامی مارادۆنا.. بارسا و بۆکا یادەوەرییەکانی دیێگۆ بەبیر جیهان دەهێننەوە

14-12-2021
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن دیێگۆ مارادۆنا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمشەو یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی و بوکا جونیۆرزی ئەرجەنتینی، لە یاریی جامی مارادۆنادا رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
 
یارییەکە کاژێر 20:00 لەسەر یاریگەی مەرسول پارک لە ریازی پایتەختی سعودیە بەڕێوەدەچێت، دانی ئەلڤێش یەکەم یاریی خۆی دوای گەڕانەوەی بۆ یانەی بارسێلۆنا ئەنجامدەدات.
 
نرخی هەرزانترین بلیتی یارییەکە 17 دۆلارە و بەرزترین نرخیش دەگاتە 3 هەزار و 375 دۆلار.
 
جامی مارادۆنا، یەکەمجارە ئەنجامدەدرێت و ئەم ساڵ یەکێک دەبێت لەو چالاکییە وەرزشییانەی کە سعودیە رێکیدەخات کە ئامانج لێی رێزگرتنە لە کاروانی دیێگۆ ئەرماندۆ مارادۆنای ئەفسانەی کۆچکردووی ئەرجەنتین، جگە لەو یارییەش بڕیارە سەرەتای ساڵی داهاتوو یارییەکی دیکەی دۆستانە لەنێوان هەردوو یانەی پاریس سانجێرمان و ئەستێرەکانی هەردوو یانەی هیلال و نەسری سعودی بکرێت.
 
ترکی ئەلشەیخ، سەرۆکی دەستەی رابوێری سعودیە دەڵێت " ئەم یارییە مێژووییە و لە هەموو تەمەندا جارێک روودەدات.
 
بەڕێوەچوونی جامی مارادۆنا لەکاتێکدایە ساڵێک بەسەر کۆچی دوایی ئەو ئەستێرەیەی تۆپی پێی ئەرجەنتین و جیهان تێپەڕیوە، یارییەکەش لە چوارچێوەی وەرزی ریاز دەکرێت، کە چەندین چالاکی لە بوارە جیاوازەکاندا بەخۆیەوە دەبینێت.
 
بۆ ئامادەبوونیان لە یارییەکەدا، خێزانی دیێگۆ ئەرماندۆ مارادۆنا گەیشتوونەتە سعودیە و هاوشانی چەندین هاوڕێی مارادۆنا و هاندەران لە یاریگەدا ئامادەدەبن.
 
بەر لە دەستپێکردنی یارییەکە کورتە فیلمێک لەبارەی ژیانی منداڵیی مارادۆنا تاوەکو کۆچی دواییکردنی لە یاریگەدا نمایشدەکرێت.
 
هەردوو یانەی بارسێلۆنا و بۆکا جونیۆرز پێشتر سێ یارییان بەرامبەر یەکدی یارییانکردووە، بەڵام یانە ئەرجەنتنییەکە هیچ یارییەکی لە یانە کەتەلۆنییەکە نەبردووەتەوە.
 
مارادۆنا پێشتر دوو جار یاریی بۆ یانەی بۆکا جونیۆرز کردووە، جاری یەکەم لە وەرزی 1981-1982 بوو و جاری دووەمیش لە 1995 بوو کە دوایین کاتەکانی کاروانی یارییکردنی بووە.
 
لەگەڵ یانەی بارسێلۆناش مارادۆنا دوو وەرز لە 1982 تاوەکو 1984 یارییکردووە و لە 58 یاریی یانەکەدا بەشێوەیەکی گشتی بەشدارییکردووە و جامی شای لەگەڵ یانەکە بردووەتەوە.
 
دیێگۆ ئەرماندۆ مارادۆنا پێشتر لە 1987 سەردانی سعودیەی کردووە، لە یارییەکی دۆستانەدا لەنێوان هەردوو یانەی ئەهلی جەدەی سعودی و بروندبی دانیمارکی بەشدارییکردووە، کە بەبۆنەی تێپەڕبوونی 50 ساڵ بەسەر دامەزراندنی یانە سعودییەکە رێکخرابوو.
 
ئەستێرە ئەرجەنتییەکە گەورەترین دەستکەوتی کاروانی یارییکردنی بردنەوەی مۆندیالی 1986 بووە، لە تەمەنی 60 ساڵیدا لە ساڵی 2020 بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دواییکرد.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە