مۆندیالی یانەکان.. ئەو یانەیەی بەرامبەر بە لیڤەرپوول یاریدەکات دەرکەوت

14-12-2019
سه‌فین ته‌ها @safintaha
A+ A-

رووداو-هەولێر

یانەی مۆنتێریی مەکسیکی دوای بردنەوەی لە یانەی سەددی قەتەری گەیشتە یاری پێشکۆتایی جامی جیهانیی یانەکان و رووبەڕووی یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی دەبێتەوە.

لە یاری دووەمیدا لە جامی جیهانیی یانەکان، یانەی سەدد نەیتوانی زیاتر بەرەو پێشەوە بچێت و ماڵئاوایی لە جامەکەکرد، دوای ئەوەی بە ئەنجامی سێ گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ بە یانەی مۆنتێریی مەکسیکی دۆڕا.

لە نیوەی یەکەمدا یانەی مۆنتێری دوو گۆڵیان لە رێگەی لیۆنێل ڤانجیۆنی و رۆجیلیۆ فۆنێسەوە لە خولەکەکانی ٢٣ و ٤٥ ـدا تۆمارکرد، بەڵام یانەی سەد لە نیوەی دووەمدا جیاوازییەکەیان لە رێگەی بەغداد بونەجاحەوە کەمکردەوە، لە خولەکی ٧٧ کارلۆس رۆدریگێز گۆڵی سێیەمی یانەی مۆنتێری هێنا، ئینجا لە دواخولەکی یارییەکەشدا عەبدولکەریم حەسەن گۆڵی دووەمی سەددی تۆمارکرد بەڵام سوودی نەبوو، یارییەکەشیان ٣-٢ دۆڕاند.

یانەی مۆنتێری لە رۆژی چوارشەممە لە قۆناخی پێشکۆتایی جامی جیهانیی یانەکان بەرامبەر بە یانەی لیڤەرپوول یاریدەکات، یانەی سەددیش لە یاریی دیاریکردنی پلەکانی پێنجەم و شەشەم رووبەڕووی یانەی تەرەجیی توونسی دەبێتەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە