ڤیدیۆ؛ هیلال گەیشتە پێشکۆتایی مۆندیال

14-12-2019
سه‌فین ته‌ها @safintaha
A+ A-

رووداو-هەولێر 
یانەی هیلالی سعودی خۆی گەیاندە یاری پێشکۆتایی جامی جیهانیی یانەکان، دوای ئەوەی شکستی بە یانەی تەرەجیی توونسی هێنا.

لە یارییەکانی ئەمڕۆی جامی جیهانیی یانەکاندا کە لە وڵاتی قەتەر دەکرێت، هەردوو یانەی هیلالی سعودی وەک پاڵەوانی ئاسیا و تەرەجی توونسی و پاڵەوانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەفریقا بەیەکگەیشتن و یارییەکەش بە ئەنجامی گۆڵێکی بێ وەڵام لە سوودی یانەی هیلالی سعودی کۆتاییهات.

لە نیوەی یەکەمی یارییەکەدا هیچ کامیان گۆڵیان بۆنەکرا، بەڵام لە گێمی دووەمی یارییەکەدا یانەی هیلال لە رێگەی بافیتیمبی گۆمێزی فەرەنسییەوە گۆڵی سەرکەوتنیان تۆمارکرد، ئەم گۆڵە بە ئاسیستی ئاندرێ کارییۆ تۆمارکرا، دوای گۆڵەکەش محەممەد کانۆی ناوەڕاستکاری یانەی هیلال بە کارتی سوور کرایەدەرەوە.

یانەی هیلال یەکەمجارییانە بەشداری لە مۆندیالی یانەکان دەکەن، بەڵام تەرەجی جاری سێیەمییانە و ئەوان خاوەنی گرێکوێرەیەکن بەرامبەر بە یانە عەرەبییەکان لە جامی جیهانیی یانەکاندا، ئەوان لە یەکەم بەشدارییان لە مۆندیالدا لە ساڵی 2011 لە قۆناخی یەکەم بە یانەی سەددی قەتەری دۆڕان، ساڵی رابردووش بەهەمان شێوەی بەرامبەر بە یانەی عەینی ئیماراتی تووشی شکست بوون.

یاری داهاتووی یانەی هیلالی سعودی بەرامبەر بە یانەی فلامینگۆی بەرازیلی دەبێت لە قۆناخی پێشکۆتایی مۆندیالی یانەکان، یانەی تەرەجییش بە مەبەستی دیاریکردنی پلەکانی پێنجەم و شەشەم رووبەڕووی براوەی یاری نێوان سەددی قەتەری و مۆنتێریی مەکسیکی دەبێتەوە.

 


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە