شینێک بۆ وەرزشی کوردستان


ئاراس رواندزی

 ماوەی پتر لە بیست ساڵە وەرزشی کوردستان لە لایەن چەند کەسایەتیەکی حزبی و نائەکادیمی بەڕێوەدەبرێت، بە درێژای ئەو ماوەیە وەرزش بە گشتی و ژێرخانەکەی بە تایبەتی پێشڤەچوونێکی ئەوتۆی بەخۆیەوە نەبینوە، گرنگترین دەسکەوتەکانی ئەو دوو دەیە تەنیا نۆژەنکردنەوە و بنیاتنانی چەند یاریگه‌یەکە، ئەوانەش ئه‌گەر بە یاریگه‌ جیھانییەکان بەراوردیان بکەین، کەمترین مەرج و رێساکانی ستانداردبوونی تێدایە. 

لە دوای رووخانی رژێمی بەعس پارەیەکی زۆر رژایە کوردستان، بەڵام بەھۆی نەبوونی میکانیزمێکی زانستی و کەسانی ئەکادیمی و شارەزا، بەشی زۆری ئەو پارەیە تەخشان و پەخشان کرا و کەمترین خزمەت و پڕۆژەی پێ ئەنجامدرا، لە بری بنیادنانی شاری وەرزشی، بودجە بۆ کڕینی یاریزانی عەرەب تەرخانکرا، ھەندێ جاریش پارەی یاریگه‌یەک لە چاککردنی چیمەنەکەی بەھەدەردرا! 

ئاشکرایە گەندەڵیش یەکێکە لەو دەردە کوشندانەی کە بە تەواوی ئەو سێکتەرەی ئیفلیج کردووە، لە پێدانی پارە بە یانەکان لە ساڵانی رابردوو، وێڕای نادادییەکی زۆر لە پشکی یانەکان، زۆرترین گەندەڵی بوونی ھەبووە، دڵنیام ئه‌گەر ئەو بڕەی لە ماوەی دە ساڵی رابردوو بە یانەکان بەخشرا، بە شێوەیەکی زانستی مامەڵەی لەگەڵدا بکرابووایە، ئێستا بەشی زۆری یانەکان تا ئەندازەیەک گەیشتبوونە ئاستی خۆبژێوی و پێویستیەکی ئەوتۆیان بە ھاوکاری حکومەت نەدەبوو، وەلێ بەھۆی چەند بەرپرسێکی ناحاڵی لە دۆخی وەرزشی کوردستان و ھەنگاوەکانی چۆنیەتی پێشخستنی، ئەم دەرفەتەشمان لەدەست دا.

 ئاخر تو ویژدانتان نەتانبینی پایتەختەکەی ھەرێم ھۆڵێکی وەرزشی شیاوی نییە؟! لە کاتێکدا بە پارەی حکومەت ھۆڵی داخراو بنیادنراوە، کەچی تا ئێستاش موڵکیەت و ئیدارەدان و داھاتەکەشی بۆ کەسانی حزبی دەگەڕێتەوە! بەھۆی حزبیبوونی ئەو بەرپرسانە، ئەقڵ و ئیدارەیەکی تەواو حزبییانە وەرزش ئاراستە دەکات، بەم ھۆیەشەوە حزب دەستی بۆ بنجوبنەوانی ئەو کایەیه‌ بردووە و یانە و تیپەکانیش بەسەر حزب و کەسایەتییەکانیاندا دابەشبوون.

 کارەساتە ھەرە گەورەکە و داھێنانە ناوازەکەی ئەو بەرپرسانە، دروستکردنی سەدان یاریگه‌ی بچووک بوو، بێگومان لەسەر بوودجەی حکومەت، وەلێ دیسان مولکیەت و ئیدارەدان و داھاتەکەشی بە رێکخراوێکی حزبی بەخشراوە، ئەمەش یەکێکە لەو فاکتەرانەی وایکردووە دامەزراوە وەرزشییەکان ھیچ داھاتێکیان وەچنگ نەکەوێت، چونکە گیرفانی حزب شوێنی خەزێنەی حکومەتی گرتۆتەوە! ئێستاش دوای بیست و شەش ساڵ لە حوکمڕانیی خۆمانە، گەورەترین دەستکەوتمان بووه‌تە ئەنجامدانی خولی تۆپی پێی کوردستان و گەورەو بچوکمان نزا بۆ بەڕێوەچوونی دەکەین، لە کاتێکدا بەھۆی ناکۆکی سیاسییەکان و کاریگەریی قوڵی حزبایەتی و یەکترشکاندن، خەریکە خولەکەش بۆ دۆخی جاران و دوو ئیدارەیی دەگەڕێتەوە، ئەمەش قێزەونترین و مەترسیدارترین پیلانە، کە گرنگە بە توندی بەرپەچی بدرێتەوە و بەم ھۆیەشەوە بەرپرسانی وەرزشی شەرم دایانبگرێت. 

ئای خودایە چ کارەساتێکە؟ پاش ئەو ھەموو ساڵە لە جیاتی ئاماری دروستکردنی دەیان فێرگە و یاریگه‌و ھۆڵی داخراو بە وەرزشکاران بدەن، کەچی دێنە سەر شاشەی تیڤییەکان و بە شانازییەوە بەڕێوەچوونی خولەکان وەکو دەسکەوتێکی گەورە نیشان دەدەن، وەکو ئەوەی کوردستانیان گەیاندبێتە مۆندیال! 

لە کۆتاییدا دەخوازم بەرپرسانی وەرزشی بەر لەوەی بکەونە بەر تانە و گوشاری وەرزشکارو میدیاکارو ئەکادیمیستان، بە خۆیاندا بچنەوە و چیتر کەسایەتی خۆیان لەکەدار نەکەن و دەرفەت بۆ ئەو کەسانە بڕەخسێنن کە لەتوانایاندایە بە بیر و فەلسەفەی زانستی تازە، تەکانێک بە وەرزشی ھەرێم بدەن و پلان و میکانیزمی سەردەمیانەش بۆ داھاتوو دابڕێژن، چونکە وەرزش و ژێرخانەکەی بەو شێوە ھەرەمەکییەی ئێستا، ھەرگیز پێشڤەناچێت، بگرە زیاترو زیاتر بەرەو ئیفلیجبوون دەچێت، لەگەڵ ئەوەشدا بە پێویستی دەزانم رێز لە ماندووبوونی ئەو بەرپرسانەش بگیرێ کە دڵسۆزانە و لێپرسراوانە لە ساڵانی بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان خزمەتیان بەو بوارە کردووە.


ئاراس رواندزی