جۆشوا کیمیچ: لە مۆندیالی 2022ـدا ئەڵمانیا خراپ مامەڵەی لەگەڵ قەتەر کرد

رووداو دیجیتاڵ

 

جۆشوا کیمیچ، ئەستێرەی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، لە لێدوانێکی پێشبینی بۆ نەکراودا، دان بەوەدا دەنێت کە ئەڵمانیا لە کاتی مۆندیالی قەتەردا خراپ مامەڵەی لەگەڵ قەتەر کردووە و لە هەمانکاتدا باس لە رێکخستنە نایابەکەی قەتەر بۆ مۆندیال دەکات.
 
کیمیچ، لەبارەی مۆندیالی 2022ـی قەتەرەوە گوی "پێموایە بەگشتی وێنەیەکی باشمان پێشکەش نەکرد وەک تیپێک، وەک یەکێتیی تۆپی پێی ئەڵمانیا، و وەک ئەڵمانیاش بەگشتی".
 
ئەو زیاتر گوتی "زۆر هەوڵماندا مامەڵە لەگەڵ بابەتە سیاسییەکان بکەین، بەڵام ئەمە کەمێک کاریگەری لەسەر چێژوەرگرتنمان لە پاڵەوانێتییەکە هەبوو".
 
کیمیچ دانی بەو راستییەشدا نا کە قەتەر باشترین مۆندیالی لە رووی رێکخستنەوە پێشکەش کردووە و گوتی "کاتێک ئاوڕێک لەدواوە دەدەمەوە، جگە لە ئەنجامە وەرزشییەکانمان کە ئەوەندە باش نەبوون، پاڵەوانێتییەکە لە رووی رێکخستن و بارودۆخەوە سەرسوڕهێنەر بوو، مەوداکان کورت بوون، یاریگاکانی راهێنانەکان زۆر باش بوون، یاریگاکانیش نایاب بوون".
 
ئەو هەروەها گوتیشی "هەروەها پێموایە ئەو کەسانەی لەوێ بوون چێژیان لە پاڵەوانێتییەکە وەرگرتووە".
 
ئەستێرەی ئەڵمانی بەوەندەش نەوەستا و زیاتر گوتی "هەست دەکەم ئێمە لە ئەڵمانیا، یان تەنانەت ئێمە لە وڵاتانی رۆژئاواش کۆمەڵێک بۆچوونمان هەیە کە پێمانوایە دەبێت گشتگیربن و لە هەموو شوێنێکدا جێبەجێ بکرێن، بەڵام هەست دەکەین کە کێشەی خۆشمان لە وڵاتەکەماندا هەیە. هەندێکجار باشە کە سەرنجت لەسەر چارەسەرکردنیان بێت".
 
کیمیچ، لە درێژەی قسەکانیدا، گوتی "من باوەڕم وایە لە رابردوودا هەموو شتێکمان بەباشی نەدەکرد. بێگومان وەک یاریزانێک حەزدەکەم لایەنگری ئەو بەها و بنەمانە بم کە جێگیرن و گەنگەشەیان لەسەر نییە".
 
لە کۆتایی قسەکانیدا یاریزانی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا و یانەی بایرن میونشن، گوتی "کەسانێکمان هەیە کە تایبەتمەندن لە سیاسەتدا، ئەوان شارەزای سیاسەتن و با سیاسەت بۆ ئەوان بەجێبهێڵین".