پاریس سانجێرمان واز لە ئێمباپێ ناهێنێت
رووداو دیجیتاڵ
یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، داوایەکی بۆ یەکلاکردنەوەی ناکۆکییە داراییەکەی لەگەڵ کیلیان ئێمباپێی هێرشبەری پێشووی، لە لیژنەی جێبەجێکاری فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەرەنسا تۆمارکرد.
داواکارییەکەی سانجێرمان پاش ئەو بڕیارانە هات کە دەستەی یاریزانە پیشەگەرەکانی فەرەنسا دەریکرد و پشتگیری کیلیانی کرد لە دۆسێیەکەدا.
لیژنەی یاسایی دەستەی یاریزانە پیشەگەرەکان هاتە نێو دۆسێی ناکۆکیی نێوان سانجێرمان و ئێمباپێ، پاشئەوەی نوێنەرەکانی ئەو یاریزانە سکاڵایان لەسەر یانەکە تۆمارکرد بۆ پێدانی مووچە و پاداشتی ماوەی کۆتایی یارییکردنی لە سانجێرمان.
دەستەکە، بڕیاریدا لەسەر پێویستیی پێدانی مافەکانی ئێمباپێ لەلایەن یانەکەوە کە بڕەکەی 55 ملیۆن یۆرۆیە. دەستەکە پێویستی کردبوو لە ماوەی هەفتەیەکدا سانجێرمان پارەکە بداتە ئێمباپێ.
لە دوای بڕیاری ئەو دەستەیە، یانەی پاریس سانجێرمان داوای پێداچوونەوە بەبڕیارەکەی کرد و بڕیاری دەستەکەی دەتکردەوە. لە دوایین هەنگاویشدا، یانە پاریسییەکە، دۆسێی کێشەکەی بردە بەردەم فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەرەنسا.
سەرچاوەیەک لە فیدراسیۆنەکە ئاشکرایکردووە، دۆسێیەکە لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە، ئەگەریش هەیە رەتبکرێتەوە.
لە بەرامبەردا، سەرچاوەیەک لە پاریس سانجێرمان ئاشکرایکردووە، "یانەکە هەموو رێوشوێنێکی رەخساو دەگرێتە بەر، لەبری ئەوەی پەنا بباتە بەر پڕۆسەیەکی دوورودرێژی دادگایی".
ململانێی نێوان ئێمباپێ و سانجێرمان، دەگەڕێتەوە بۆ رێکەوتنی یانەکە و ئێمباپێ لە مانگی هەشتی 2023، پاشئەوەی یانەکە بڕیاریدا بەهۆی نوێنەکردنەوەی گرێبەستەکەیەوە، سزای ئێمباپێ بدات و لە یارییکردن لەگەڵ تیپەکەدا، بێبەشی بکات.
بەپێی رێکەوتنەکە، دەکرا سانجێرمان بەهۆی رۆیشتنی ئێمباپێ لە یانەکە، بڕێک پارە وەربگرێت، بەتایبەت کە ئەو یاریزانە لە 55 ملیۆن یۆرۆی خۆشبووە، کە دەبوو وەک پاداشت وەری بگرێت، بەڵام ئەو یاریزانە و تیمەکەی جێبەجێکردنی بڕیارەکە بەو شێوەی رەتدەکەنەوە و داوای ئەو بڕە پارەیە لە سانجێرمان دەکەن.
ئێمباپێ، هاوینی ئەمساڵ بەخۆڕایی پەیوەندی بە یانەی ریال مەدریدی ئیسپانییەوە کرد، پاشئەوەی ئامادەنەبوو گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەدا نوێبکاتەوە.