ئەمڕۆ دێربیی عەرەبە و عێراق دەیەوێت تۆڵە لە ئوردن بکاتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ گەڕی پێنجەمی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیالی 2026 لە کیشوەری ئاسیا بەڕێوەدەچن، دێربیی عەرەب لەنێوان هەردوو هەڵبژاردەی عێراق و ئوردن، چاوەکان دەباتە سەر یاریگەی بەسرە.
 
یارییەکە کاژێر 19:15 بەڕێوەدەچێت، هەردوو هەڵبژاردە لە کۆمەڵەی دووەمدا رووبەڕووی یەکدەبنەوە و هەریەکەیان خاوەنی 7 خاڵن، ئوردن لە پلەی دووەمە و عێراق لە پلەی سێیەمە، بردنەوەی ئەم یارییە هەلی هەڵبژاردەکان بۆ رکابەریکردن لەسەر گەیشتن بە مۆندیالی داهاتوو زیاتر دەکات.
 
بەر لە یارییەکە خیسوس کاساس، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا گوتی "بردنەوەی یارییەکە مانای گەیشتن نییە بە مۆندیال و دۆڕاندنیش مانای ماڵئاواییکردن نییە."
 
راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق زیاتر گوتی "یاریزانەکانمان لە رووی دەروونی و جەستەییەوە بۆ یارییەکە ئامادەن، پێویستیمان بە پاڵپشتیی هاندەران دەبێت لە یارییەکەدا و داوایان لێدەکەین هانی یاریزانەکان بدەن."

 
هەڵبژاردەی عێراق چەند رۆژێکە خۆی بۆ ئەم یارییە ئامادەدەکات و سێ یاریزانی کورد لە ریزەکانی هەڵبژاردەکەدا یاری دەکەن، کە یوسف ئەمین، مێرخاس دۆسکی و ئەحمەد یاسینن.
 
هەڵبژاردەی ئوردن رۆژێک بەر لە یارییەکە گەیشتە بەسرە و دوایین مەشقەکانی لەسەر یاریگەی یارییەکە ئەنجامدا، موسا تەعمەری، ئەستێرەی یەکەمی تیپەکە لە پێکان گەڕاوەتەوە و بەتەواوی بۆ یارییەکە ئامادەیە.
 
لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا جەمال سەلامی، راهێنەری هەڵبژاردەی ئوردن گوتی " رووبەڕووبوونەوەی عێراق چاوەڕواننەکراو و ناوازەیە، بەهۆی پێگەی هاندەرانی هەردوو هەڵبژاردەکە و ئاستی چاوەڕوانییەکان بۆ یارییەکە، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەمە یارییەکی یەکلاکەرەوە نییە."


راهێنەری ئوردن زیاتر گوتی "خوێندنەوەیەکی زۆرباشمان لەرووی هونەرییەوە بۆ هەڵبژاردەی عێراق کردووە، چاودێرییەکی باشی یاریزانە بەهێزەکانی وەکو ئەیمەن حوسێن دەکەین و دەمانەوێت مامەڵەیەکی پیشەگەرانە لەگەڵ یارییەکە بکەین."
 
لەلایەن خۆیەوە موسا تەعمەری گوتی "من کەشوهەوای یاریی لەمشێوەیەم پێخۆشە کە هاندەران بە ژمارەیەکی زۆرەوە ئامادەبن، بەڵام ئەم یارییەکی یەکلاکەرەوە نییە بۆ گەیشتن بە مۆندیال و تەنیا رکابەریکردنە لەسەر بەدەستهێنانی سێ خاڵ و بردنەوەی سێ خاڵەکەش مانای گەیشتن نییە بە مۆندیال و پێنج یاریی دیکەمان دەمێنێت، بۆیە بیرکردنەوەمان لەسەر یارییەکە دەبێت و پشتبەخوا باش دەبێت."


عێراق و ئوردن مێژوویەکی دوور و درێژیان بەرامبەر یەکدی هەیە، لە 47 یاریی نێوانیاندا عێراق 25 یاریی بردووەتەوە، لە 7 یارییدا دۆڕاوە و 14 یاریی نێوان هەردوو هەڵبژاردەش بەیەکسانبوون کۆتاییهاتووە.
 
رووداوەکانی یاریی قۆناخی 16ـی جامی ئاسیای رابردوو لە قەتەر، لەنێوان هەردوو هەڵبژاردە کە ئوردن بە سێ گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ لە عێراقی بردەوە، رووبەڕووبوونەوەکانی هەردوو هەڵبژاردەی بردە قۆناخێکی دیکە و ئەمڕۆ عێراقییەکان دەیانەوێت تۆڵەی ئەو دۆڕانە بکەنەوە و پلەی دووەمی کۆمەڵەکەیان لە هەڵبژاردەی ئوردن وەربگرن.

 
ئەوەی بۆ هەمووان جێگەی سەرنجە و قسە و باسی زۆری لەسەرە، شێوازی ئامادەبوونی هاندەرانە لە یارییەکەدا، محەممەد کارێزی، نێردراوی رووداو بۆ رووماڵکردنی یارییەکە لە بەسرە دەڵێت "بلیتی یارییەکە لە هیچ شوێنێک نەماون، لە بازاڕی رەشدا کڕین و فرۆشتنی پێدەکرێت و نرخەکەی بۆ سەرووی 150 هەزار دینار بەرزبووەتەوە."
 
خالد زەرقاوی، سەرۆکی دەستەی هاندەرانی ئوردن بە رووداوی گوت "5 هەزار هاندەری هەڵبژاردەکە لە رێگەی فڕۆکە و پاسی گەورەوە لە بەسرە ئامادەدەبن بۆ ئەوەی لەنێو یاریگەدا پاڵپشتی هەڵبژاردەی ئوردن بکەن."
 
ئەو دوو یاریزانەی ئەمڕۆ لە یارییەکەدا زۆرترین چاویان لەسەر دەبێت، ئەیمەن حوسێن، هێرشبەری هەڵبژاردەی عێراق و موسا تەعمەری، هێرشبەری هەڵبژاردەی ئوردن دەبن، ئەیمەن لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالدا 7 گۆڵی تۆمارکردووە و موسا تەعمەری خاوەنی 6 گۆڵە.